جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات هێرشی چاوەڕوانکراوی زەمینی تورکیا راگرێت

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، داوای لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرد، هێرشی چاوەڕوانکراوی زەمینی تورکیا رابگرێت، کە دەبێتە هۆی وێرانکردنی رۆژئاوای کوردستان و جەنگ لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” پەک دەخات .

عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “پۆلیتیکۆی ئەمریکی” رایگەیاند، “ئەمریکا وەک پێویست هەوڵی نەدا کە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەکانی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سنوور بەزاندن ئەنجام نەدات.”

ئەو ئەوەی وەبیری هێنایەوە کە بایدن لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، وتی “خیانەت لە کورد ناکات وەک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، کاتێک لە ئۆکتۆبەری 2019 هێزەکانی ئەمریکای لە باکووری سوریا کشاندەوە، رێگەی بە تورکیا دا ئۆپەراسیۆنێکی خوێناوی دەستپێبکات، سەرەنجام بووە هۆی ئاوارەبوونی 300 هەزار کەس”.

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد: پێمانوایە پاراستنی ئەو شارانەی کە کوردنشینن و کەسوکاری ئەو 12 هەزار شەهیدەی شانبەشانی سەربازە ئەمریکییەکان لە دژی داعش لە سوریا گیانیان سپارد، دەکەوێتە سەر شانی ئیدارە و خودی سەرۆک کۆمار و ئەوەش بەرپرسیارێتیەکی سیاسی و مرۆییە.”

هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی باڵای حکوومەتی ئەمریکا کرد کە “فشارەکان بۆ سەر ئەنکەرە زیاد بکەن”.

عەبدی جەختی لەوەش کردەوە کە “ئەو لێدوانانەی تا ئێستا دراون بەس نین بۆ ئەوەی پلانەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێ دژی ئێمە بوەستێنن”.

جەنەڕاڵ پێی وایە “هێرشە ئاسمانییەکان پێشەکییەکە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی”.

ناوبراو وتی: لە هێرشەکاندا تا ئێستا 18 هاوڵاتی سڤیل و 11 سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهید بوون.

رایگەیاند : لەشکرکێشییەکە ناوچەکە وێران دەکات و قەیرانەکانی سوریا زیاتر ئاڵۆزتر دەکات، هۆشداریشی دا کە “داعش” ئەو ئاژاوە دەقۆزێتەوە بە مەبەستی “رڕێکخستنەوە و سەرهەڵدانەوە”.

عەبدی وتیشی: هێرشە ئاسمانییەکان هەڕەشە لە کامپەکانی پەنابەران و ناوەندەکانی دەستبەسەری دەکەن کە دەیان هەزار چەکداری پێشووی داعش و خێزانەکانیان لەخۆدەگرن.

ئاماژەی بەوەدا کە “یەکێک لە بۆردومانەکان بەر ناوچەیەکی زۆر نزیک لە گرتوخانەیەکی شاری قامیشلۆی کەوتووە، کە 500 دەستگیرکراوی داعشی تێدایە”.

وتیشی، له هەڵمەتەکانی تورکیادا ناوچەی نزیک کامپی هۆل کراوەتە ئامانج، که 60 هه زار ئه ندامی ماڵباتەکانی داعش له خۆ دەگرێت، “شه ش له پاسەوانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهید بوون، له دوای ئەو هه ڵمەتەشەوه گروپێک له ماڵباتەکانی داعش توانیویانە لە کامپەکە هەڵبێن”.

مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆتایی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامە ئەمریکییەکەدا رایگەیاندووە، “کۆکردنەوەی راستەقینەی هێزەکانی تورکیا لەسەر سنوورەکان، لەوانەش گواستنەوەی هێزی پتەو و کەتیبەی تانک، لە ئێوارەی چوارشەممەی رابردووەوە روویداوە، بەڵام پێی وایە کە “تورکیا پێویستی بە مۆڵەتی ئەمریکی و رووسیا هەیە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بەرەو پێشەوە بچێت.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : فنسە تەمۆ