هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مەشقی شەوانە لە دێرەزوور ئەنجام دەدەن

دێرەزوور- نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نزیک بنکەکەیان لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، مەشقی شەوانەیان ئەنجامدا.

لە راگەێنراوێکی ژووری ئۆپەراسیۆنی “توانای پۆڵاین”دا هاتووە کە فڕۆکەیەکی جۆری AC-130J Ghostrider بەشداری لە مەشقەکاندا کردووە و تەقەی لە ئامانجی نزیک کردووە.

دوێنێ شەو، سەرچاوە ناوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “لە دەوروبەری بنکەی هاوپەیمانان لە گوندەواری دێرەزوور دەنگی تەقینەوە بیستراوە”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئامانج لەم مانۆڕانە دەستەبەرکردنی پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان و مەدەنییەکان و هاوبەشەکانیان لە هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

هاوپەیمانییەکە پابەندبوونی خۆی نوێکردەوە بۆ پێشکەشکردنی راوێژ بە هاوپەیمانەکانیان لە هێزەکانی هەسەدە بۆ ئەوەی بتوانن دڵنیابن لە شکستی داعش و پاراستنی سەقامگیری.

کێڵگەی نەوتی عومەر کە نزیکەی 10 کم لە رۆژهەڵاتی دێرەزوورەوە دوورە، لە ساڵی 2017ەوە گەورەترین و گرنگترین بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووە لە وڵاتەکەدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ