رووسیا هۆشداری دەدات بە تورکیا لە ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا لە سوریا رەنگە گرژییەکانی ناوچەکە زیاد بکات و ببێتە هۆی زیادبوونی چالاکیی “تیرۆریستی”.
هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە هێرش و هێرشە ئاسمانییەکان بە رێگەی درۆن و تۆپخانە لە ناوچەیەکی بەرفراوان لە باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان و بەهۆیەوە دەیان قوربانی کەوتوەتەوە و ژێرخانی سوریا بەرەو وێرانبوون دەڕوات.
زاخارۆڤا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: ئێمە لە پەیوەندییەکی نزیکداین لەگەڵ لایەنی تورکیا سەبارەت بە پرسی سوریا، لە نیگەرانییەکانی تورکیاش لە هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی تێدەگەین.
بەڵام وتەبێژەکە هۆشداریدا لەوەی هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ سەر خاکی سوریا تەنها گرژی زیاتر دەکات.
جگە لەوەش، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری رووسیا ئەمڕۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ هاوتاکەی خولوسی ئاکار، بارودۆخی باکوری سوریای تاوتوێ کرد.
وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “لەماوەی ئەو دانوستانانەدا بارودۆخی ئێستای باکووری سوریا تاوتوێ کراوە، ئەمە جگە لە هەندێک بابەتی پەیوەست بە بەردەوامبوونی دەستپێشخەری دەریای رەش”.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بە دەستپێشخەریی لایەنی تورکیا ئەنجامدراوە.
پێش ئەوە، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە سووریا رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە سووریا بەدوور بگرێت، کە بە بڕوای ئەو رەنگە ببێتە هۆی هەڵکشانی گەورە لە سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .