نێردەی ئەمریکی لە رۆژئاڤا: بە توندی دژ بە کردەوەی سەربازی تورکیاین لە سوریا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نیکۆلاس گراینگەر، نێردەی باڵای ئەمریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، وڵاتەکەی بەتوندی دژی ئەو کردەوە سەربازییەیە کە ” ژیانی پێکهاتەکان و کۆمەڵگاکانی سوریا زیاتر ناسەقامگیر دەکات”.

گراینگەر لە راگەێنراوێکدا داوای راگرتنی دەستبەجێی هەڵکشانەکەی کرد، کە “لە چەند رۆژی رابردوودا مەترسی و هەڕەشەیەکی قبوڵنەکراوی بۆ سەر سەلامەتی هاوڵاتیانی سڤیل و بەرپرسانی ئەمەریکا و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دروستکردووە”، وەک خۆی دەڵێت.

نێردەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە کارانە ” ئەو پێشکەوتنە سەختە بەدەست هێنراوانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها هەڕەشە لە روبەڕوبوونەوە بەردەوامەکان دەکەن  دژ بە رێکخراوەکە”.

گراینگەر نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە قوربانیانی سڤیل لە ئەنجامی پەرەسەندنی ئەم دواییە.

نێردەی باڵای ئەو وڵاتە وتی: تورکیامان لە نیگەرانییە جدییەکانمان و لە کاریگەریی ئەو هەڵکشانە لەسەر خەڵکی سڤیل و ئامانجی نەهێشتنی داعش ئاگادار کردۆتەوە.

ئەمریکا داوای لە تورکیا کردووە کە ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە ئەنجام نەدات، هەروەها داوای لە “هاوبەشە سورییەکە” کردووە کە “هێرش ئەنجام نەدات” بە پێی راگەێنراوی نێردراوەکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر