هێزەکانی حکومەت و روسیا بۆردومانی گوندەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئیدلیب دەکەن

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ڕۆژی سێشەممە پێنج هێرشی ئاسمانی ڕووسیا گوندەکانی بەلشۆن و مەرایان لە چیای زاویە لە گوندەواری باشووری ئیدلب کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی زانیاری لەبارەی زیانەکان بڵاوبکرێتەوە.

هاوکات هێزەکانی حکومەت بە چڕی گوندی بێنین لە چیای زاویە و مەجدەلایا لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلبیان بۆردومان کرد.

پێشتریش رۆژنامەی (ئۆراسیا دەیلی)ی رووسی ئاماژەی بەوە كردبوو كە رێکەوتن لە سەر خاكی سووریا لەنێوان رووسیا و توركیا بەڕێوەدەچێت، کە رێگەدان بە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی توركیا كە مەنبیج و تەل رەفعەت بكاتە ئامانج، بەرامبەربە رێگەدانی تورکیا بە رووسیا بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێك لە چیای زاویە، دەبێت.

ئەم ناوچەیە ئاڵوگۆڕی تۆپبارانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و هێزەکانی حکومەت لە میحوەرە جۆراوجۆرەکاندا، بەخۆوە دەبینێت.

هەروەک سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە نۆرس-پرێسیان راگەیاند، دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی حکومەت، بە تۆپ و موشەک، گوند و شارۆچکەکانی ئەلفاتیرە، کفر عوید، سوفهون، کەنسەفرا، بێنین و ئەلڕوەیحە لە جەبەل ئەلزەویەیان کردە ئامانج.