“سێنتکۆم”: دژی هه‌ر هێرش و هه‌نگاوێكی سه‌ربازین كه‌ ره‌وشی سوریا نا سه‌قامگیر بكات

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

رۆژی چوارشه‌ممه‌، فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مریكا “سێنتکۆم” دژایه‌تی خۆی پیشاندا بۆ هه‌ر هێرش و هه‌نگاوێكی سه‌ربازی كه‌ ره‌وشی سوریا نا سه‌قامگیر بكات.

جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لەبارەی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان راگەیاند، ئەو هەنگاوانە هەڕەشەن لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانیان، لەنێویشیاندا شەڕی بەردەوامیان لەگەڵ داعش و دڵنیابوونەوە لە سەرهەڵنەدانەوە و هەڕەشەکانی لە ناوچەکە.

پێشتر وه‌زاره‌تی  دەرەوەی ئەمریکا داوای راگرتنی هێرشه‌كانی توركیا كردبوو له‌ ناوچه‌كانی رۆژ ئاوای كوردستان.

نێد پرایس وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، سەبارەت بە هێرش و توندوتیژەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندبوو، ڵاتەکەی داوای راگرتنی پەرەسەندنەکان لە سوریا دەکات بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سڤیل و پشتیوانی لە ئامانجی هاوبەشی تێکشکاندنی داعش، دژایەتی پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریا دەکات.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات “هه‌سه‌ده‌” له‌باره‌ی ئەنجامی سێ رۆژی ئۆپه‌راسیۆنی بۆردومانەکانی تورکیای ئاشکرا کرد، بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی تورکیا دامەزراوە گرنگەکان و نەخۆشخانەکان و بیرە نەوتییەکان و ماڵ و موڵکی مەدەنی کردۆتە ئامانج.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌و هۆیه‌وه‌ 29 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 13 کەسیان خەڵکی سڤیلن، لەگەڵ شەڕڤانێکی یەپەگە و 15ی سەربازی سوپای سووریا.