ئاشتەوایی سوریا: هیچ جۆرە هەماهەنگییەک لە نێوان تورکیا و سوریادا نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشانەی دوایی
دیمەشق – نۆرس پرێس
عومەر رەحمون، سەرۆکی لیژنەی ئاشتەوایی لە سوریا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هیچ هەماهەنگی و هاریکارییەک لەنێوان سوریا و تورکیادا نییە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات “پچڕاون”.
چەند رۆژێک لەمەوبەر تورکیا دەستیکرد بە ئەنجامدانی دەیان هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچەیەکی فراوان لە باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان و بەهۆیەوە دەیان کەس زیانی گیانیان لێکەوت و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری لێکەوتەوە.
رەحمون وتی: سوریا قبوڵ ناکات هەماهەنگی لەگەڵ هیچ داگیرکارێک بکات بەمەبەستی لێدانی ناوچەکانی، جا داگیرکاری ئیسرائیل بێت یان داگیرکاری تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاشتەوایی نێوان سوریا و تورکیا لە ئێستادا زۆر دوورە، هەروەها رێگای ئاشتەوایی درێژ و ئاڵۆز و سەختە و ماف و پابەندبوون هەیە کە دەبێت تورکیا جێبەجێی بکات بۆ ئەوەی ئەم ئاشتەواییە سەرکەوتوو بێت”.
سەرۆکی لیژنەی ئاشتەوایی لە سوریا ئاماژەی بەوەدا کە “بەئامانجکردنی هێزەکانی سوریا لەلایەن تورکیاوە، حیکایەتەکانی ئەردۆگان بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ سوریا بەدرۆ دەخاتەوە و وەک گاڵتەجاڕییەکی سیاسی لێدەکات، هەروەها هەموو لێدوانەکانی تورکیا سەبارەت بە ئاشتەوایی لە پێناو هەڵبژاردنەکاندایە لەو وڵاتە، هیچی زیاتر و هیچی کەمتر نییە.”
وتیشی: گومانی تێدا نییە کە سوریا وەڵامی دەبێت بۆ دەستدرێژییەکانی تورکیا، بەڵام کاتێک ئاسمانی سوریا رێکخراوە و ئامادە بێت بۆ ئەم وەڵامدانەوەیە.
رەحمون پێی وایە تورکیا رەزامەندی روسیا و ئێرانی وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر باکووری سوریا ئەنجام بدات.
هەڵوێستی رووسیا و ئێران بە وتەی رەحمون لە لوتکەی مانگی تەمووزی رابردوودا کە لە تاران بەڕێوەچوو، روون بوو، لەو کاتەدا رووسیا و ئێران بە رەهایی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیایان لە باکووری سووریا رەتکردەوە، جا چ ئاسمانی بێت یان وشکانی.