هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە بۆردوومان کردنی گوندەکانی باکووری حەسەکە
تل تەمر – نۆرس پرێس
رۆژی سێشەممە هێزەکانی تورکیا بەردەوام بوون لە بۆردومانی گوند و شارۆچکەکانی سەر هێڵی بەرکەوتنی باکووری شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر بە نۆرس پرێسی وت “ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی تورکیا گوندەکانی ئوم ئەلخەیر و تەل تەویلیان لە رۆژئاوای شارۆچکەکە بە تۆپ و گولە هاوەن بۆردومان کردووە”.
پێش ئەمەش نزیکەی کاتژمێر هەشتی شەوی دوێنێ بۆردومانێکی توندوتیژی ئەنجامدرا، کە حەوت گوندی گوندەواری نزیک بە زەرکانیان کردە ئامانج.
بۆردومانەکە لەسەر گوندەکانی “ئوم عەشبە، ئەلخەدراوی، ئەلبوبی، دادا عەبدول، ئەلئەسعەدیە، کیسرە و تەلئەمیر”” بووە، بەگوێرەی سەرچاوەکە.
بۆردومانەکەی تورکیا زیانی ماددی بەرچاوی بە موڵک و ماڵی مەدەنی گەیاندووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی مرۆییەوە بڵاونەکرایەوە.
پێشتریش فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانی گوندی ئەلئەوجەی سەر بە گوندەواری تل تەمر کردووە و بەپێی سەرچاوەیەکی سەربازی دوو کەس برینداربوون.