کەشناسی سوریا: پلەکانی گەرما لە ئەمڕۆوە بەرەو بەرزبوونەوە دەڕۆن

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی سوریا رایگەیاند، پلەکانی گەرما لە ئەمڕۆوە وردە وردە بەرزدەبنەوە تا سبەی دەگەنە نزیکەی 2-3 پلە بەرزتر لە تێکڕای خۆی، هەروەها لە بادییە و ناوچەکانی ڕۆژهەڵات خۆڵبارین دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی لە رۆپەڕی فەرمی خۆی “فەیسبووک” بڵاویکردەوە، جوڵەی با بەرەو رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوا دەبێت لە ناوچە کەناراویەکان و باکوور و باشووری وڵات، هەروەها بە ئاراستەی باکووری رۆژئاوا دەبێت لە ناوچەکانی رۆژهەڵآتی وڵاتەکە. و لە بادییە جوڵەی با لە نێوان سووک و مامناوەند، و هەندێک جار خێراییەکانیان چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی تۆز لەو ناوچانەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمبوونەوەی ئاستی بینین لە هەندێک ناوچەی ناوخۆییدا ڕوودەدات، بەهۆی کەشوهەوای تەماوییەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریداوە لە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکان بەهۆی ئاسانی بڵاوبوونەوە و دروستبوونی ئاگرەوە، هەروەها بەرکەوتن بە تیشکی خۆر بە شێوەیەکی بەرچاو بەتایبەت لە پلە بەرزەکاندا کە رەنگە سوتێنەر بن.

پلەکانی گەرما ئەمڕۆ لە شاری دیمەشق دەگاتە 25.8 پلە و لە حەلەب 30.5 پلە و لە لازقییە 27.6 پلە و لە حەسەکە 34.6 پلە و لە قامیشلۆ 34.5 پلە دەبن.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی لەکاتێکدایە کە هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەی لە حەسەکە بە هۆی ناوبەناو گرتنەوەی ئاوی وێسگەی عەلۆک لە حەسەکە، بە دەست کەمی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن.

دوابەدوای داگیرکردنی سەرێ کانی و گرێ سپی لە لایەن تورکیا و هاوپەیمانە ئۆپۆزسیۆنەکانیەوە، ناو بە ناو وێسگەی ئاو عەلۆک کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیانی حەسەکەیە، دەگرێتەوە و قەیرانی کەمی ئاوی خواردنەوە دروست دەکات.