محه‌مه‌د شیاع سودانی: هێرش و بۆردومانه‌كانی سەر عێراق هیچ كاتێك بە رەزامەندیی حكومەت نەبووە

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

رۆژی سێشەممە، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی هەموو هێرشێک بۆسەر خاکی عێراق لە هەر لایەنێکەوە بێت و ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ هێرشەکان به‌ رەزامەندیی حکومەتی عێراق نەبووە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق له‌ دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیاند، ئەو هێرش و بۆردومانانەی دەكرێنە سەر خاكی عێراق هیچ كاتێك بە ڕەزامەندیی حكومەتی عێراق نەبووە بۆیە لە هەر لایەكەوە بێت ڕەتیدەكەینەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی وەزارییان دەبێت بە مەبەستی دانانی میکانتزمێک بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە و “بڕیاردەدەن لەبارەی پێشلکردنی سەروەریی عێراق.

شەوی یەکشەممە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشیکردە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و جێژنیکان، حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زڕگوێز.