هه‌سه‌ده زیانه‌كانی هێرشێكی ئاسمانی توركیا بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی هاوبه‌شی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئاشكراده‌كات
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
رۆژی سێ شه‌ممه، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات “هه‌سه‌ده” ئه‌نجامی هێرشی فرۆكه‌یه‌كی بێ فرۆكه‌وانی (درۆنی) توركیای ئاشكراكرد بۆ سه‌ر به‌شێك له بنكه‌یه‌كی هاوبه‌ش له گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نیۆده‌وڵه‌تی به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا له گونده‌واری باكووری حه‌سه‌كه.
هه‌سه‌ده له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، فرۆكه‌یه‌كی درۆنی توركیا هێرشیكرده سه‌ر به‌شی ئاسایشی بنكه‌یه‌كی هاوبه‌ش له گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هێرشه‌كه بووه هۆی گیان له‌ده‌ستدانی دوو سه‌ربازی یه‌كه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر‌و برینداربوونی سیانی دیكه كه برینی دوانیان مه‌ترسیداره.
بنكه‌ی سه‌ربازییه هاوبه‌شه‌كه ده‌كه‌وێته باكووری حه‌سه‌كه به دووری نزیكه‌ی 50 كیلۆمه‌تر له باشووری سنووری توركیا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوو، ئه‌و هێزانه‌ی كراونه‌ته ئامانج له بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شانه‌كانی رێكخراوی داعش كارده‌كه‌ن و له ماوه‌ی رابردوودا‌و هه‌تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وام له‌لایه‌ن توركیاوه ده‌كرانه ئامانج.
22 مانگی ته‌مووزی رابردوو درۆنێكی توركیا هێرشی كرده سه‌ر ئۆتۆمبێلێك له رێگای قامیشلۆ كه هه‌ر یه‌ك له “جیهان تۆلهدان” و رۆج خابوورو بارین عه‌لی ئه‌ندامی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری تیادابوو ، له ئاكامی ئه‌و هێرشه هه‌ر سێ سه‌ركرده‌كه گیانیان له ده‌ستدا.
له 19 ی ئه‌م مانگه‌وه (تشرینی دووه‌م) هێزی ئاسمانی توركیا ده‌یان شوێنی بۆردوومانكردووه به درێژایی سنووره‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا، تا ئه‌مرۆش بۆردوومانی ئاسمانی و زه‌مینی به‌رده‌وامه.