وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای راگرتنی پەرەسەندنەکانی تورکیا دەکات

قامیشڵۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، واشنتۆن داوای راگرتنی پەرەسەندنەکانی سوریای کرد، هەروەها ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر هەر کردەوەیەکی سەربازی لە عێراق کە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا نەبێت.

ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لە رێگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە، نێد پرایس، سەبارەت بە هێرشە توندوتیژەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستانراگەیاند.

لە بەیاننامەیەکی نووسراودا، پرایس رایگەیاندووە، “ئەمریکا سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی سڤیل لە سوریا و تورکیا دەردەبڕێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی داوای راگرتنی پەرەسەندنەکان لە سوریا دەکات بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سڤیل و پشتیوانی لە ئامانجی هاوبەشی تێکشکاندنی داعش.

 هەروەها پرایس ئاماژەی بە دژایەتیکردنی هەر کردەوەیەکی سەربازیی ناهەماهەنگ کرد لە عێراق، هەروەها دژایەتی پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریا دەکات.

جگە لەوەش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە کرد کە لە باکوری سوریا لە هێرشەکەی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە.

لە بەیاننامەیەکدا باڵیۆزخانەکە ناوەڕۆکی ئەو شتانەی نوێکردەوە کە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی پێکراوە و داوای ” پاراستنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی” دەکات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر