دەستپێکردنی کارەکانی ئەستانە 19 دەربارەی دۆسیەی سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، کارەکانی نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سوریا “ئەستانە” دەستیپێکرد، لە پایتەختی کازاخستان، کە بۆ سبەی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.

لە ساڵی 2017ەوە تا ئێستا دانوستانەکانی ئاستانە 19 کۆبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە کە دوو کۆبوونەوەیان لە هاوینەهەواری سوچی رووسیا لە کەنارەکانی دەریای رەش ئەنجامدراوە و دوا کۆبوونەوەش لە 5-16ی حوزەیران ئەنجامدراوە.

ئاژانسی هەواڵی فەڕمی سانا رایگەیاند، شاندەکەی حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەیمەن سوزان، بریکاری وەزیری دەرەوە و پەنابەرانە و لە کۆبوونەوەکەشدا شاندی وڵاتانی گەرەنتیکەری پڕۆسەی ئەستانە، رووسیا، ئێران و تورکیا، جگە لە نوێنەرانی نووسینگەی نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، ئامادەن.

لە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا ڕاوێژ و گفتوگۆی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی لە نێوان شاندە بەشداربووەکاندا لەسەر بابەتەکانی بەرنامەی کار ئەنجام دەدرێت.

بەرەبەیانی رۆژی دووەم کە پلینۆمی تێدا بەڕێوەدەچێت گفتوگۆکان بەردەوام دەبن بۆ راگەیاندنی بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، دواتریش کۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ بەشێک لە سەرۆکی شاندە بەشداربووەکان ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان پێشتر رایگەیاندبوو کە بڕگەکانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە بریتین لە تاوتوێکردنی دۆخی سوریا، لەوانەش بارودۆخی مرۆیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.

پێشبینی دەکرێت ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا لە سوریا لە پێشینەی کارەکانی ئەم لوتکەیە بێت، بەپێی ئەوەی گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا رایگەیاندووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : محەمەد ئەلقازی