كه‌ركوك: كوژرانی زیاتر له‌ پێنج چه‌كداری داعش له‌ دوو بۆردوومانی فڕۆكه‌كانی عێراق

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

رۆژی دوو شه‌ممه،‌ فەرماندەیی بارەگاى پێشکەوتووى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى کەرکووک هه‌واڵی كوژرانی زیاتر له‌ پێنج چه‌كداری داعشی راگه‌یاند، له‌ بۆردوومانكردنی دوو ناوچه‌ی ده‌ورووبه‌ری كه‌ركوك له‌لایه‌ن فڕۆكه ‌جەنگییەکانى عێراق.

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشکرایکرد، بە پشتبەستن بە زانیاریى هەواڵگری، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی عێراق چوار حەشارگەى داعشیان لە ناوچەى زیغیتون و چه‌ند مۆڵگەیه‌كی چەکدارانى داعشیان لە چەمى خاسە لە کەرکووک  بۆردوومان كردووه‌.

هاوكات راگەیاندنى فەرماندەیی بارەگاى پێشکەوتووى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى کەرکووک ئاشکرایکرد، لەو هێرشانەدا پێنج چەکدارى داعش کوژراون و تەرمى چەند چەکدارێکى دیکەى داعش بەهۆى بۆردوومانەکەوە “پارچەپارچە” بوونه‌.

 بۆردوومانه‌كانی هێزی ئاسمانی عێراق له‌ دوای چه‌ند رۆژێك دێت له‌ كوژرانی چوار سه‌رباز له‌ هێرشێكی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی سورپای عێراق له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركوك.