ئەردۆگان باس لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکات لە عێراق و سوریا
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە بەشدارەکانی شەڕی سوریا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی لە باکوری سوریا و عێراق قسەی کرد.
شەوی شەممە- یەکشەممە، شاری کۆبانی، دێریک، گوندەواری باکووری حەلەب و ناوچەکانی دیکەی سەر سنووری سووریا و تورکیا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کران، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 13 هاووڵاتیی مەدەنی و شەڕڤانی “هەسەدە” بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی هەسەدە.
ئەردۆگان بە میدیاکانی تورکیای راگەیاند: ئۆپەراسیۆنەکانمان بە هیچ شێوەیەک بە هێرشی ئاسمانی سنووردار نین و ڕەنگە دوای راوێژ و لە کاتی پێویستدا هێزی زەمینی بە قەبارەی پێویست بەکاربهێنرێت.
ئەردۆگان زیادی کرد: دەسەڵاتدارانی ئەمنی تورکیا بڕیار دەدەن و هەنگاوەکانی خۆیان دەگرنەبەر.
جەختیشی کردەوە کە چاوەڕوانی مۆڵەت لە ئەمریکا و ئەوانی دیکە ناکات، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە تێوەگلاوەکانی ململانێی سوریا کردەوە سەبارەت بە ئەگەری ئۆپراسیۆنی سوریا.