سوپای ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشێکی ئێران دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر شوێنەکانی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی سەرکۆنە کرد، ئەویش دوای زنجیرەیەک هەڕەشە هات لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
لە بەیاننامەیەکی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، جەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو “هێرشە بێ جیاوازی و نایاساییانەی ئێران سەقامگیری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە” سەرکۆنە دەکات.
سوپای پاسداران بە ئاماژەدان بە پێگەکانی سەر بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر بارەگا “تیرۆریستییەکان”، وەک خۆی وەسفی کردووە.
شەوی رابردوو لانیکەم سێ شوێن لە پارێزگای هەولێر رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بوونەوە، هاوکات سوپای پاسداران رایگەیاند، هێرشەکە “کوژرانی 26 کەسی لێکەوتوەتەوە”.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە “خەڵکی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە و سەروەری عێراق پێشێل دەکەن”.
لە دوای بۆردومانەکە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا.
دوو رۆژ لەمەوبەر ڕاپۆرتە رۆژئاواییەکان رایانگەیاندبوو کە ئێران هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی لە باکووری عێراق بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکانی ناو هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، بۆ بەدواداچوونی نەیارانی رژێمی تاران، ئەگەر عێراقی دراوسێ “پابەند نەبێت” بە چەکداماڵینیان.
راپۆرتەکان بە گێڕانەوەی بەرپرسانی کورد و عێراقی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو هەڕەشەیە لەلایەن ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانەوە هاتووە کە دووشەممەی رابردوو بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتووەتە بەغدای پایتەخت.
ئەم هێرشە چەندبارەبووانە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە ئێران کاردانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان بەخۆوە دەبینێت، لە بەرامبەر پاشخانی کوشتنی کچە کورد ژینا ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی تاران، زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر.
تاران ئەم ناڕەزایەتیانە بە “پیلانی بێگانە” دەزانێت بەبێ ئەوەی بەڵگە بخاتەڕوو و بانگەشەی ئەوە دەکات کە گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە خۆپیشاندەران هاندەدەن و چەک بە قاچاخ دەهێننە ناو وڵاتەوە.
تا ئێستا نزیکەی 300 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون، تیایاندا ڕێژەیەکی کەم لە پیاوانی باڵای ئەمنی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوژراون.
هەفتەی رابردوو ئێران ئۆپەراسیۆنێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کۆیە لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدا و تێیدا لانیکەم سێ کەس کوژران.
لەم دواییانەدا زۆر داواکاری ئێران لە عێراقەوە هەبووە بۆ چەکداماڵینی بنکە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوخۆی هەرێم و بەهێزکردنی سنوورەکان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بۆ رێگریکردن لە دزەکردن، یان ئەوەی کە هەڵمەتێکی سەربازی لەگەڵ هێزی زەمینی دەستپێبکات و بەردەوام بێت لە بۆردومانکردنی بنکە ئۆپۆزسیۆنەکان .
دوێنێ یەکشەممە، محەممەد ئەلسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، ئێران داوای لە حکومەتی عێراق کردووە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی رێگری لە هاتنە ناوەوەی چەکدارە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆن بکات.
ئەلسادق ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەوەی ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، “داوامان کرد ئەندامانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە چەک دابماڵرێن و وەک پەنابەر بگەڕێندرێنەوە بۆ کامپەکان”.
ناڕەزایەتییە فێمینیستەکان کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یان هەڵگرتبوو، لە ناوخۆی ئێران و بە تایبەت لە شارە کوردنشینەکان بەردەوامە و بە بەرزکردنەوەی دروشمی ” مەرگ بۆ دیکتاتۆر” سەرانی رێژیمی ئێران دەکەنە ئامانج.