هه‌ولێر- نۆرس پرێس
برێت ماگۆرك رێكخه‌ری كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆشكی سپی، ره‌وشی سوریای له دوای هێرشه‌كانی توركیا به “قورس” وه‌سفی كرد‌و، داوایكرد راگرتنی تێكدانی سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ی كرد.
ماگۆرك له‌میانی بهشدارێكردنی له كۆنگره‌ی “گفتوگۆی مه‌نامه” له به‌حرین كه دۆێنی ده‌ستپێكرد له وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به هێرشه‌كانی توركیا وتی، ره‌وشه‌كه قورسه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی ئهمریكاو په‌رۆشی وڵاته‌كه‌ی بۆ پاراستنی ئارامی له سنووری سوریا – توركیا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، واشنتن هیچ زانیارییه‌كی نییه له‌باره‌ی لایه‌نی ئه‌نجامده‌ری هێرشی ئه‌م دوایه‌ی ئیسته‌نبوڵ.
ماگۆرك جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی درێژخایه‌نی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به ئاسایشی ناوچه‌كه به گشتی.
لهشەوی شەممە له‌سه‌ر یەکشەممە، فرۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا ناو به ناو شاری کۆبانی، دێریک، گوندەواری باکووری حەلەب و ناوچەکانی دیکەی سەر سنووری سوریا و تورکیا بۆردوومان ده‌كه‌ن، به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات “هه‌سه‌ده”، بۆردوومانه‌كان زیانی گیانی و ماددی لێكه‌وتۆته‌وه‌و 13 هاوڵاتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی هه‌سه‌ده له هێرشه‌كانی توركیا گیانیان له ده‌ستداوه.
هه‌روه‌ها، هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر وێستگه‌یه‌كی دابه‌شكردنی كاره‌با بووه هۆی بچرانی ته‌زووی كاره‌بای زیاتر له 60 گوند له گونده‌واری شاری دێرك له ئه‌وپه‌ری باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا.
توركیا له درێژه‌ی هێرشه‌كانی ناوچه‌یه‌كی بۆردوومانكرد له نزیك كامپی روج كه هه‌زاره‌ها خێزانی داعش له خۆده‌گرێت، بهرێوبهرهی خۆسه‌ری به‌رده‌وام هوشداری ده‌دا كه هه‌ڕه‌شه‌و هێرشه‌كانی توركیا هاوكارن بۆ دووباره سه‌رهه‌ڵدانی داعش و ئه‌گه‌ری ئازادكردنی ئه‌ندامه ده‌ستگیركراوه‌كانی له گرتوخانه‌كانی هه‌سه‌ده له ناوهچهكهدا .
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مرۆ، ژه‌نه‌راڵ مه‌زلوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریا دیموكرات له لێدوانێكدا رایگه‌یاند، جه‌نگ له قازانجی هیچ لایه‌نێك نییه‌و جه‌ختی كرده‌وه كه ئه‌وان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان رێگری بكه‌ن له‌سه‌رهه‌ڵدانی كاره‌ساتێكی گه‌وره، هه‌روه‌ها هوشداریدا له كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌كه به گشتی و ئاماده‌یی هێزه‌كانی پیشاندا بۆ شه‌ری به‌رفراوانتر.