هەڵوەشاندنەوەی دیداری خێڵەکان لە حەسەکە بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

دووەمین دیداری خێڵەکانی سوریا کە بڕیاربوو ئەمڕۆ لە شاری حەسەکە بەڕێوەبچێت، دوای دوو کاتژمێر لە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا هەڵوەشایەوە.

دوای نیوەشەوی شەوی رابردوو، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستانیان کردە ئامانج، دیارترینیان کۆبانی و گوندەواری باکووری حەڵەب و چەند ناوچەیەکی سنوورییان کردە ئامانج.

ئەکرەم مەحشوش، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری دیدارەکە رایگەیاند، زیاتر لە 62 چادریان داناوە و ئامادەیان کردووە، بۆ پێشوازیکردن لە 6300 سەرۆک خێڵ و کەسایەتی کە لە تەواوی رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون.

 مەحشووش ئاماژەی بەوەدا کە پلانەکەیان بۆ کۆڕبەندەکە بریتییە لە “گفتوگۆی سوریا – سوریا، بۆ یەکخستنی خاکەکانی سوریا، گفتوگۆکردن لەسەر کێشە ناوخۆییەکانمان، هەروەها گرنگیدان بە ڕۆڵی خێڵەکان لە ناوچەکەدا، و گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی کەمپەکان و تیرۆر لە هەرێمەکە”.

دوێنێ ئێوارە ئەو شەقامەی کە بڕیاربوو دیدارەکەی تێدا بەڕێوەبچێت داخرا و قەدەغەی هاتووچۆ لە کاتژمێر حەوت ئێوارە تا حەوت بەیانی لەو شەقامە راگەێنرا.

ئامادەکردنی: ئیڤا ئەمین – داڕشتنەوەی : رەهەف یوسف