لە بۆردومانێکی تورکیادا بۆ سەر هێزەکانی حکومەت لە باکووری حەسەکە کوژراو و بریندار کەوتەوە

زرگان – نۆرس پرێس

دوای نیوەشەوی رۆژی شەممە، لە بۆردومانێکی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەواری شارۆچکەی زرگان (ئەبو ڕاسین) لە باکووری شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، سێ ئەندامی هێزەکانی حکومەت کوژران و یەکێكی تر بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی سەربازی ئاگادار بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دوای نیوەشەوی شەوی رابردوو هێزەکانی تورکیا هێرشێکی ئاسمانی و زەمینییان بۆ سەر گوندەواری شارۆچکەی زرگان دەستپێکردووە و خاڵەکانی حکومەتی سوریایان کردۆتە ئامانج کە لەسەر هێڵە پەیوەندییەکان جێگیرکراون.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەهۆی بۆردومانەکەوە سێ ئەندامیان گیانیان لەدەست داوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

هێزەکانی رووسیا دەستوەردانیان کرد بۆ رزگارکردنی قوربانییەکان و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق، لەناوچەی چوارچێوەی ئەمنی حەسەکە.

ناوچە جیاکانی رۆژئاوای کوردستان، دوای نیوەشەوی شەوی ڕابردوو، کەوتنە بەر بۆردومانی توندی تورکیا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانیانەوە.

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف – داڕشتنەوەی : عەگید مشمش