هێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە رەوانەی مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمشەو لە مهاباد دەنگی تەقە نەبڕایەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵی دەسەڵات بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو شارە؛ ئەویش بە ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، بەڵام ناڕەزایەتی هەر بەردەوام بوو، گەرچی حکومەت کارەبای هەندێک لە گەڕەکەکانی بڕی، لە شارەکانی دیکەوە هێزی زۆر هێنا و کەڵکی لە کەلوپەلی نوێی سەربازی بۆ سەرکوتکردن وەرگرت.

کەناڵی سوپای پاسداران ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و لەبارەیەوە نووسیویەتی، “خانوویەکی کۆمەڵە بووە کە لەنێوبراوە،” کەناڵی سوپا دەشڵێت، “ئەو خانووانەی کۆمەڵەیان تێدایە، دەیانکێڵن،” ئەوەش بە واتای سەرکوتی تووندوتیژتری خەڵک بە بیانووی جۆراوجۆر.

رێکخراوەکان و چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئەگەری روودانی کوشتاری خەڵک لە مهاباد، هۆشدارییان داوە، بەڵام بە کردەوە لە شارەکانی دیکەوە پشتیوانی بۆ مهاباد راگەیێندرا.

سەرەڕای خۆنواندنی دەسەڵات لە مهاباد، شەوی رابردوو لە ژمارەیەکی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ناڕەزایەتی هەبوو. لە شارۆچکەی مورموری لە پارێزگای ئیلام بۆ یەکەمجار خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕی. ژمارەیەک لە دامودەزگا حکومییەکان سوتێندراون، لەوانەش بنکەیەکی سوپای پاسداران.

سەرەڕای کەشی تووندی ئەمنی و سەرکوتی تووند لە رۆژانی رابردوودا، لە شاری کامێرانیش خۆپێشاندەران هاتنەوە سەر شەقامەکان. لە شاری شنۆش ناڕەزایەتی هاتە ئاراوە، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خەڵک کردووە و بریندار هەیە؛ لە هەندێک مزگەوتیشەوە بانگەواز و پاڵپشتیی خۆپێشاندەران دەکرێت.

لە شاری خۆی لە باکووری پارێزگای ورمێش خەڵک بۆ دووەمین شەوی لەدوای یەک چوونە سەر شەقامەکان. هەروەها لە پیرانشار و ژمارەیەکی دیکە لە شار و تەنانەت گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ناڕەزایەتی بەردەوام بوو.

دوای 64 رۆژ ناڕەزایەتی، هەڵوێستی بەرپرسانی ئێران نەرمی تێدا نابینرێت. عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، “ئەوانەی لە گۆڕەپانەکەدان و ئەوانەش کە لەپشت پەردەدان، زۆر سووکتر لەوەن بتوانن زیان بە کۆماری ئیسلامی بگەیێنن. بەزمی ئەم ئاژاوەگێڕییە کۆدەکرێتەوە.”

لە دوو مانگی رابردوودا زۆرجاری دیکەش بەرپرسانی ئێران هەڕەشەیان لە ناڕازییان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامێکیان نەبووە.