جەنەڕاڵ مەزڵوم: بۆردوومانەکانی تورکیا پەیوەندییان بە تەقینەوەکانی ئەستەنبوڵەوە نییە، تورکیا ساڵێکە پلان بۆ هێرش دادەڕێژێت
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕؤ یەکشەممە، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە نییە و تورکیا ماوەی ساڵێکە پلانی هێرشەکەی داڕشتووە.
شەوی شەممە – یەکشەممە شاری کۆبانی، دێریک، گوندەواری باکووری حەلەب و ناوچەکانی دیکەی سەر سنووری سوریا و تورکیا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کران.
عەبدی لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ کەناڵی مانگی دەستکردی رۆناهی رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەردەوام دەبن بەبێ ئەوەی دیاری بکات تا کەی، پێشبینی دەکات بۆ چەند کاتژمێرێک یان رۆژانی داهاتوو بەردەوام بن و لە هەمان کاتیشدا ئەو بەدووری دەزانێت تورکیا هێرش و لەشکرکێشی زەمینی ئەنجام بدات و هیچ جوڵەیەکی سەربازی لەسەر زەوی لە لایەن گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی تورکیاوە بوونی نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکەی تورکیا “شەهید و برینداری لێکەوتەوە”، بەڵام بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
جەختیشی کردەوە کە ئەوان پەیوەندییان بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە نییە و گێڕانەوەی تورکیای رەتکردەوە کە هێرشەکەی سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان دەبەستنەوە بە بۆردومانەکەوە و بە “پیلانگێڕی بۆ لێدانی ناوچەکانمان” وەسفی کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە (پیلانگێڕییەکە) یارییەکە بۆ سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆگان بەمەبەستی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا.
عەبدی جەختی لەوەشکردەوە، “هێرشەکان بێهیوامان ناکەن و ئەگەر بەردەوام بن، زیان بە هەموو لایەک دەگات “
عەبدی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ راگرتنی ئەو پەلامارانە.
بانگەوازی لە دانیشتوانی رۆژئاوای کوردستان کرد کە لە ماڵەکانیان دەرنەچن بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات، هەروەها هێزە ئەمنییەکان ئاگاداریان بکەنەوە کە بەپێی پێشهاتە مەیدانییەکان چۆن مامەڵە بکەن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی سەبارەت بەم هێرشانە دەرنەبڕیوە، و خۆی بە هۆشدارییەکەی رازی کردووە کە لە لایەن کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەرچووە، رۆژێک پێش دوێنێ هەینی، کە داوای کردووە گەشت بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان نەکەن و خۆیان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بەدوور بگرن.