بنکەی هاوپەیمانی لە رۆژئاوای کوردستان بە موشەک بۆردوومان کرا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

شەوی پێنجشەممە، بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە گوندەواری دێرەزوور کەوتە بەر هێرشی مووشەکی، کە پێدەچێت لە لایەن گروپە لایەنگرەکانی ئێرانەوە بێت.

سەرچاوە جیاوازەکان باسیان لەوە کردووە کە چوار مووشەک، لە شوێنە سەربازییەکانی گرووپە لایەنگرەکانی ئێرانییەکانەوە، لە گوندەواری شاری ئەلمەیادین، بەرەو گەورەترین بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان هەڵدراون.

لە راگەێنراوەکەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکادا هاتووە، نزیکەی کاتژمێر 9:30ی شەوی رابردوو، هێرشێکی مووشەکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی “گوندی سەوز” لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە، و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستپێکردووە.

گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی رایگەیاند، “ئەم جۆرە هێرشە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دانیشتوانی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها ئەو سەقامگیری و ئاسایشە تێکدەدات کە لە سوریا و ناوچەکەدا بەدەست هاتووە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : عەدنان حەمۆ