گیانلەدەستدانی 10 ھاووڵاتی و برینداربوونی 13ی دیکە بە هۆی تەقینەوەی غازەوە لە شاری سلێمانی

سلێمانی – نۆرس پرێس

بەھۆی تەقینەوەکەی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی، هەرێمی کوردستان، تائێستا 10 ھاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 13 ھاووڵاتی تریش برینداربوون، تیمەکانیش لە ھەوڵی رزگارکردنی ئەو کەسانەدان کە لەژێر داروپەردووی خانووەکەدان.

 شەوی رابردوو نزیک بە کاتژمێر حەوت و نیوی ئێوارە، لەکاتی چاککردنی سیستمی غازی شۆفاژی خانوویەکی سێ نھۆمی لە گەڕەکی کازیوەی سلێمانی تەقینەوەیەکی بەھێز روویداو بەپێی دواین ئامارەکان تائێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 کەسی تریش برینداربوون کە دووانیان لە تیمەکانی فریاگوزارین.

گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، سێ لە بریندارەکان باری تەندروستییان ناجێگیرە و 5 برینداریشیان چارەسەریان وەرگرتووە و نێردراونەتەوە ماڵەوە، ھاوکات لە شەوی رابردوەوە تائێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی و ئاسایش و چالاکییە مەدەنییەکان و شارەوانی و ئامێرەکان و بەرگری فریاکەوتن و پۆلیس و تەندروستی  و ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخش لە ھەوڵی رزگارکردنی ئەو کەسانەدان کە لەژێر داروپەردووی خانووەکەدا ماون و لە دوای رووداوەکەوە تا بەرەبەیانی ئەمرۆ شەش تەرمیان دەرھێناوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، تەقینەوەکە لە ماڵی “حاجی مەزھەری سیرێ” بووە کە ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی میوانی بوون و وەستایەکی شۆفاژ لەو کاتەدا سەرقاڵی چاککردنی لێچوونی غازی شۆفاژی خانووەکە بووە، بەھۆی تەقینەوەکەوە  خاوەن ماڵ و وەستاکە گیان لەدەستداوە.

لە شەوی رابردوەوە بە بەردەوامی  پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەرانی ئاسایش و پۆلیس و بەرگری شارستانی و لێپرسراوی زۆرینەی یەکە خزمەتگوزارییەکان لە شوێنی رووداوەکە و چاودێری ھەوڵە فریاگوزارییەکان دەکەن.