ترسی ئیسرائیل لە رێککەوتنی رووسیا و ئێران لە سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، وڵاتەکەیان ترسی ئەوەی هەیە ئێران بە هاوکاری رووسیاوە رێگری لە ئیسرائیل بکات لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی لە سوریا، لە بەرامبەر ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە بۆ شەڕی مۆسکۆ دژی کیێڤ دابینی دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیسرائیلی، “جروسەلیم پۆست”، دەزگای ئەمنی ئیسرائیل نیگەرانە لە میکانیزمی هاریکاری نێوان ئیسرائیل و رووسیا سەبارەت بە پەکخستنی هێرشە ئاسمانییەکان لە سوریا لە ئەنجامی بەهێزبوونی هاریکاری نێوان رووسیا و ئێران لە شەڕی ئۆکرانیا.
ئەگەری ئەوە هەیە تاران داوای هاوکاری لە مۆسکۆ بکات لە دژی چالاکییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە سوریا، لە بەرامبەر هاوکارییەکانی ئێران بۆ رووسیا لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆی.
رۆژنامەکە لە زاری “سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل”ەوە نووسیویەتی: “تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە میکانیزمی رێگریکردن لە پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و رووسیا لە سوریا نەکراوە، هیچ شتێک نییە ڕێگری بکات لە سوپای ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هێرشەکان لە سوریا دژ بە دامەزراوەکانی ئێران”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەر کە زانیاری هەواڵگری و دەرفەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن رەخسا، ئیسرائیل هێرشەکانی ئەنجام دەدا”.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر
بەڵام ئەوەی کە ڕەنگە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنانە هەبێت، بەردەوامیی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیا. وە بەرپرسانی ئیسرائیل لە دەزگای ئەمنیدا پێشبینی دەکەن کە ئێران داوای کڕینی چەکی ڕووسیش بکات لە بەرامبەر پێگەی خۆی لە شەڕی ڕووسەکان دژی ئۆکراینییەکان”.
بەم پێیە، بێنی گانتز، وەزیری بەرگری وڵاتەکەی ڕێنمایی بۆ چاودێریکردنی پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران دەرکردووە، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بێت ئەگەر گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ڕووسیا ڕووبدات، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە.