کۆبانی – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، یەکەم گروپی ئەو هاوڵاتیانەی لە جەزائیر گیریان خواردبوو، گەیشتنەوە شاری کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، چالاکوانان لە سۆشیال میدیا ڤیدیۆی گەنجانی گیرخواردووی بیابانی نەیجەریان بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی جەزائیر گواستینەوە بۆ ئەوێ.
مستەفا عەبدی، کارگێڕی سەنتەری بەڵگەنامەی سەرپێچیەکان لە باکووری سوریا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، گروپی یەکەم گەڕانەوەی شەش گەنجی کۆبانی لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا کەسێک رزگاری بووە لە نوقمبوونی بەلەمەکەیان لە نزیک شاری وەهران.
لە لێدوانێکی پێشوودا بۆ نۆرس پرێس، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بانگەوازی لە پەنابەرە گیرخواردووەکان کردووە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، ئامادەیی خۆیانی دەربڕیوە و بەڕێوبەری خۆسەریش هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەم مەبەستە دابین بکات.
هەفتەی رابردوو بەڕێوبەری خۆسەر تەرمی 10 سووری گەڕاندەوە کە لە کەناراوەکانی وەهران لە جەزائیر خنکاون، کە هێنانەوەکە لەسەر حیسابی خۆی و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بوو.
مستەفا عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا 12 کەسی دیکە کە لە جەزائیر گیریان خواردووە، وەک بەشێک لە گروپی دووهەم دەگەنەوە وڵاتەکەیان، ئاماژەی بەوەشکرد، “هێشتا ناو تۆمارکردن بەردەوامە بۆ وەرگرتنی داواکاری گەڕاندنەوەیان”.
لیستێکی 20 کەس هەیە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام پاسپۆرتیان نییە، چونکە ئەوان لە رێگەی قاچاخچێتی وشکانییەوە چوونەتە ناو جەزائیر، هەروەها بەبێ ڤیزە ناتوانرێت بلیتی فڕۆکەکە ببڕدرێت، بە گوتەی عەبدی.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخی ڤیزەی هاتنە ژوورەوەی بۆ 300 دۆلار بەرزکردوەتەوە و زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە دەیانەوێت لەرێگەی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە ئەو کارە بکەن “بۆ ئەوەی بەناوچەکانی رژێمدا تێنەپەڕن لەترسی دەستگیرکردنیان.”
سوورییەکان لە جەزائیر گیریان خواردووە ترسیان هەیە ئەگەر بگەڕێنەوە رادەست بە حکومەتی دیمەشق بکرێنەوە.
عەبدی باسی شێوازی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لە کۆبانی نەکردووە.
ناوەندی بەڵگەنامەسازی سەرپێچیەکان لەڕێگەی کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی داوە بۆ بەخشینی سورییە گیرخواردووەکان لە ڤیزەی چوونە ژوورەوە یان کەمکردنەوەی نرخەکانیان، بەڵام بێ سوود بوو، بە گوتەی عەبدی.