گیانلەدەستدانی سێ خۆپیشاندەری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، دوو هاووڵاتی کورد لە سنە و هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری کامیاران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو تۆڕە، (زانیار ئەڵڵامورادی) و (عیسا بەیگلەری) لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی سێشەممە (15ـی تشرینی دووەم) لە شاری سنە کوژراون. تەرمی (عیسا بەیگلەری) لە ژێر چاودێری توندی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە گۆڕستانی (بەهەشتی محەمەدی)ـی سنە بەخاکسپێردراوە، بەڵام تەرمی (زانیار ئەڵڵا مورادی) رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هەروەها (فواد محەمەدی) لە شاری کامیاران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و بنەماڵەکەی لە پێش نەخۆشخانەی سینا گردبوونەوە، بەڵام هێزەکانی سوپای پاسداران نەخۆشخانەکەیان گەمارۆدا و تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەیان نەکردەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرایکردووە، هێزە ئەمنییەکان تەقەی راستەوخۆیان لە بنەماڵەی (فواد محەمەدی) کردووە و بەهۆیەوە چەند ئەندامێکی ئەو بنەماڵەیە برینداربوونە.

بەگوێرەی زانیاریی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ماوەی شەست رۆژی خۆپێشاندانی خەڵکی ئێران بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، 330 خۆپێشاندەر کوژراون و نزیک بە 15هەزار کەسیش دەستگیرکراون.