کەنەدا رەتیدەکاتەوە ئەو هاوڵاتیانەی لە سوریا بگێڕێتەوە کە گومانی ئەندامێتی داعشیان لێدەکرێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

حکومەتی کەنەدا لە تۆمارێکی دادگادا رایگەیاندووە، هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە گومانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لێدەکرێت و لە سوریا دەستبەسەرکراون، “زیادەڕۆیی و بێ پرەنسیپ” دەبێت.

لە وەڵامی داوای یاسایی بنەماڵەی ئەو کەنەدیانەی کە لە کاتی شەڕی داعش لە سوریا بە دیل گیراون، کەنەدا بۆ یەکەمجار هەڵوێستی یاسایی خۆی راگەیاند.

حکومەت پێی وایە ئەو لایەنانەی کە خەڵکی کەنەدی دەستبەسەر دەکەن کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت سەر بە رێکخراوەکە بن، بە تەواوی سەربەخۆ لە دەسەڵاتی دادوەری یان کۆنترۆڵی کەنەدا کاردەکەن، بۆیە میساقی کەنەدا کارەکانی ئەو لایەنانە ناگرێتەوە، بە دەستگیرکراوەکانیشەوە، بەپێی “ماڵپەڕی جیهانی کەنەدا نیوز”.

رۆژی 26ی ئۆکتۆبەر، حکومەتی کەنەدا دوو ژن و دوو منداڵی دەستگیرکرد کە لە کامپێکی ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتبوون.

کەسوکاری ئەو خێزانانەی لە سوریا دەستبەسەرکراون، داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەن کار بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەو وڵاتە بکات.

بەڵام داواکارانی گشتی دەڵێت قبوڵکردنی داواکارییەکانی ئەو خێزانانە “بە شێوەیەکی نادروست یاسای مافەکان دەباتە دەرەوەی سنوورەکانی کەنەداوە “.

نزیکەی 12 کەنەدی و منداڵەکانیان کە لە کاتی شکستی داعش لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستبەسەرکرابوون، تا ئێستاش لە سوریان.

لە بەرگریکردن لە رێکاری یاسایی خێزانەکانیان لە دادگای فیدراڵی، حکومەت رایگەیاندووە، ئەوان بەهۆی ئەوەی گوایە پەیوەندییان بە “رێکخراوێکی تیرۆریستی”ەوە هەیە، راگیراون و پێویست ناکات کەنەدا هاوکاریان بکات.

پارێزەرانی داواکاری گشتی دەڵێن “هیچ پابەندبوونێکی یاسایی نییە، بەپێی میساق، یاسا یان یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ کەنەدا کە هاوکاری کونسوڵگەری پێشکەش بکات، لەنێویاندا گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی”.

بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکومەتی وڵاتەکەیان هەندێک هاوکاری پێشکەش کردووە، وەک دڵنیابوون لە شوێن و سەلامەتی دەستگیرکراوەکانی کەنەدی و داوای هاوکاری پزیشکی بۆیان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر