ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق سه‌ردانی كامپی هۆل ده‌كه‌ن

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

وا بڕیاره‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق سه‌رردانی كامپی هۆل بكه‌ن له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ی‌ رۆژئاوای كوردستان، بۆ لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ره‌وشی زیاتر له‌ 30 هه‌زار هاوڵاتی عێراقی كامپه‌كه‌ كه‌زۆربه‌یان ژن و منداڵن.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایگه‌یاند، هەفتەى داهاتوو لیژنەکە پێکدەهێندرێت و ئامانج لە سەردانەکەی بۆ کەمپى هۆل، لێکۆڵینەوەیە لە ره‌وشی ئەو خێزانە عێراقییانەى کەسوکارى داعش کە لەو کەمپەدان و بەربەست هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان بەتایبەت کە هەندێک لە منداڵەکان دایکیان عێراقین و باوکیان بیانین، بەڵام خۆیان ناسنامه‌ی عێراقییان نییە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لە کۆبوونەوەى 14ى تشرینى یەکەمى 2022ى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانی عێراق کە میوانداریی هەریەک لە ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەییان کردبوو، بڕیاردرا به‌ پێكهێنانی ئه‌و لیژنه‌یه‌.

جێ ئاماژه‌ی كه‌ زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیى عێراقى لە کامپى هۆڵن و بەشێکی زۆریان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن و ئه‌و كامپه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سوریا دیموكرات “هه‌سه‌ده”‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام داوا له‌ وڵاتانی جیهان ده‌كات هاوڵاتیانی خۆیان له‌ كه‌مپه‌كه‌ بگێرنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانیان.