حكومه‌تی عێراق به‌ نیازه‌ جارێكی دیكه 200 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

حكومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی به‌ نیازه‌ جارێكی دیكه‌ مانگانه‌ 200 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش رێككه‌وتنی درێژخایه‌ن له‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غداد بكرێت بۆ چاره‌سه‌كردنی ناكۆكییه‌كان.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند، لە کارنامەکەی محه‌مه‌د شیاع سوودانیدا رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و کۆی پرسەکانی دیکە هاتووە و رێککەوتنی لەسەر کراوە، بەتایبەت بڕگەکانی 20 و 23ی کارنامەکە.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، ئاگادارن لەوه‌ی كه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاریداوە لە سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووەوە 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێته‌وه‌، بەڵام هەندێ سەرچاوە بە ئێمەی راگەیاندووە ئەگەری ئەوە هەیە پێش سەری ساڵیش پارەکە بنێردرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هیوایەکی زۆر هەیە بۆ رێککەوتنی تەواوەتی، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە پابەندبوونی هەولێر و بەغدایە لەسەر ئەو رێککەوتنە، له‌ ئێستادا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانە و حکومەتەکەی دەستبەکاربووە، بۆیە هەموو دەسەڵاتێکی بۆ رێککەوتن هەیە.

پێشتر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق راگه‌یاندبوو،  پێویسته‌ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و خواستێکی جیدیش هه‌یه‌ لەلایەن هەردوولا و هێزە سیاسییەکانی عێراق هه‌یه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌كان و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا لەسەر بنچینەی دەستوور.