حکومەتی سوریا بۆردومانی بنکەیەکی سەربازی تورکیا دەکات لە گوندەواری عەفرین
گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی حکومەتی سوریا بنکەی سەربازی تورکیایان لە چواردەوری گوندی مریامین سەر بە ناحیەی شران سەر بە عەفرین، لە گوندەواری باکووری شاری حەلەب بۆردومان کرد.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بۆردومانەکە بە چەند مووشەکێک بنکەی تورکیای کردۆتە ئامانج و زیانی ماددی لێ کەوتووەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆردومانەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی دوکەڵ لە بنکەکەوە لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی بنکەکە، بەبێ ئەوەی قەبارەی زیانەکان ئاشکرا بکات.
لەکاتێکدا روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، هێزەکانی تورکیا گوندی ئەلشەوەرغای سەر بە قەزای شرانیان بۆردومانکردووە، وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانکردنی بنکەکەیان، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتریان پێبگات.
لە مانگی ئازاری ساڵی 2018ەوە شاری عەفرین و دەوروبەرەی لە باکووری حەلەب لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنە دڵسۆزەکانی تورکیادایە.