تورکیا هەوڵی ئامادەکردنی 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەدات لە سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، تورکیا هیوادارە تا کۆتایی ئەمساڵ بتوانێت 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە باکوری سوریا تەواو بکات، ئەمەش دوای تەواوکردنی 75 هەزار خانوو.
ئەو قسانەی سۆیلو دوێنێ یەکشەممە لە میانی کردنەوەی گوندێکدا هات کە 600 یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، لە باکووری شاری ئیدلب.
سۆیلو وتیشی، “لە ماوەی دوو ساڵدا 75 هەزار خانووی چیمەنتۆ دروستکراون، لەسەر بنەمای رێنماییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تا کۆتایی ئەمساڵ کاری دروستکردنی 100 هەزار خانووی چیمەنتۆ تەواو دەکەین”.
لە ساڵی 2016ەوە ئەنکەرە لەگەڵ لایەنە سوورییەکانی دڵسۆز بۆی، سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوانیان لە باکووری سوریا دەستپێکردووە و ئەو ئۆپەراسیۆنانە رێگەیان پێداوە ناوچە سنوورییە فراوانەکان کۆنترۆڵ بکەن.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدوای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبووندایە بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی سوری ئاوارە لە تورکیاوە بۆ ناوچەکانی باکووری وڵات.