هەولێر – نۆرس پرێس
پێش دوو رۆژ هونەرمەندانی کوردی رۆژئاوای کوردستان، ڤیدیۆ کلیپێکیان بە ناوی (سەرێکانێ و ئاڤاشین) سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمایی دژی کورد بڵاو کردەوە، کلیپەکە لە باشووری کوردستان پێشوازیەکی گەرمی لێکرا و لە تۆڕە جڤاکیەکاندا دەستاودەستی پێکرا.
کلیپەکە لە لایەن ناوەندی هونەرگەی وڵات لە رۆژئاوای کوردستان بەرهەم هێنراوە و کاری ئاوزادانانەکەش لە لایەن هونەرمەند دەلیل میرساز-ەوە ئەنجامدراوە.
لە کلیپەکەدا ئاماژە بەو هێرشی کیمیایی سوپای تورکیا دەکرێت دژ بە گەلی کورد و رەخنە لە بێدەنگیی کۆمەلگەی نێودەوڵەتیی و هاوکاریی ئەڵمانیا بۆ تورکیا گیراوە.
میوزیکی گۆرانیەکە لە لایەن، “مەحمود بەرازی”وە کاری بۆ کراوە و بەهەرمی “هونەرگەی وڵات”ە لە رۆژئاوای کوردستان.
بەشێک لە رۆشنبیران و چالاکوانانی باشووری کوردستان کلیپەکەیان بڵاوکردەوە لە روپەڕە تایبەتەکانی خۆیان و ستایشی جوانی و ماناداری ئەو کارەیان کرد، هەروەک بەشێکیان ئەم کارەیان بەراورد کرد بە هونەری میوزیک و ڤیدیۆکلیپ لە هەرێمی کوردستان و باسیان لە خواپی و وەدواوەچوونی هونەر کرد لە باشوور.