رۆژنامەنووسێکی فینلەندی: نیگەرانی تورکیا بەرامبەر بە تیرۆر نوکتەیەکی بێتامە!

هێلسنکی- نۆرس پرێس

دوێنێ و لە رۆژنامەی بەناوبانگی فینلەندی “ئیڵتا لێهتی” رۆژنامەنووسی گەنجی فینلەندی “ئۆنی کاری” بابەتێکی بڵاوکردەوە، تیایدا بە توندی سەرەکۆنەی تورکیا دەکات و خەمی ئەردۆگان بۆ “دژایەتیکردنی تیرۆر” وەک خۆی دەیڵێ، بە نوکتەیەکی بێتام ناودەبات.

ئۆنی دەڵێ: ” تورکیا تەنها بە ئاماژەی پەنجە و بە چاوپۆشیەوە تەماشای خەلافەتەکەی داعشی دەکرد، بەڵام بێبەزەییانە دەکەوێتە چەوساندنەوە و لەناوبردنی هەر هەوڵێکی کورد بۆ مافی چارەنووسیان”

ئۆنی کە رۆژنامەنووسە لە رۆژنامە و ماڵپەڕی بەناوبانگی فینلەندی “ئیڵتا لێهتی” و لە بەشی روانگەی رۆژنامەکە بابەتەکەی بڵاوکردەوەتەوە، دەپرسێت:

” تا ئێستا کەس (دەوڵەتی ئیسلامی) یان داعشی لەبیرە؟

ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی لە دەیەی ڕابردووەوە هەر کەسێکی لە کەمەنەتەوە، مەزهەب و نەتەوەی جیاواز، یان نەیاری خۆی بە رێکەوتیش دەسکەوتانە، بەبێ دوودڵی دەیکوشت.

هەر کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وانەی مەترسییەکانی تیرۆر فێری هاوبەشەکانی دەکات لە ناتۆ ، داعش دێتە بەرچاوم.

تورکیا ڕێگەی دا داعش لە تەنیشت سنوورەکانی خۆیەوە بە تەواوی ئازادانە چالاکی بکات، کاتێک قوڕگبڕەکانی داعش گەمارۆی شاری کۆبانێی کوردانیان دابوو لە سنووری لەگەڵ تورکیا.

وە تورکیا نەک هەر رێگەی دا داعش لە گەڕەکەکانیدا چالاکی بکات، بەڵکو رێگەی بە جیهادییەکان دا بەناو خاکەکەیدا تێپەڕن بۆ ئەوەی بچنە ناو رێکخراوەکەوە، کە تیرۆر و مەرگیان لە سەرانسەری سوریا و عێراقدا بەجێهێشت.”

رۆژنامە نووسەکە باس لە تویتێکی برێت مەکگۆرک دەکات، کە ئێستا وەک ڕێکخەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆشکی سپی کاردەکات، ماکگۆرک لە تشرینی دووەمی 2019 دا باس لە پانزە پرسیاری خێرا دەکات کە دەبوو دۆناڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ئەردۆگانی بکردایە، بەڵام نەیکرد، لە ناو ئەو پرسیارانەدا ئەم پرسیارەی هەڵبژاردووە:

– 40 هەزار چەكداری بیانی كە بڕبڕەی پشتی داعش و قاعیدەن چۆن بە ئازادی بە توركیادا تێپەڕین بۆ سوریا؟

ئۆنی دەڵێ: ” هەمووان دەزانن چەکدارانی داعش بە ئازادی بە تورکیادا تێپەڕیون، چونکە تورکیا هیچ ئارەزووێکی نەبووە بۆ رێگرتن لە ڕەوتی جیهادییەکان، لە ڕوانگەی ئەردۆگانەوە هیچ کێشەیەک نەبوو کە گروپێکی تێکەڵاو لە جیهادییە بیانییەکان شەڕیان لەگەڵ سوپای سوریا و – لەوەش باشتر – لەگەڵ یەپەگەی کوردی سووریادا دەکرد.”

لە شوێنیکی تردا ئۆنی ئەردۆگان بە دیکتاتۆر ناو دەبا و دەڵێ: ” ئەوەی کە ئەردۆگان دیکتاتۆری تورکیا نەیارەکانی بە تیرۆریست دەزانێت، هەواڵ نییە!”

رۆژنامەنووسەکە بەوەوە ناوەستێ کە تەنها رەخنە لە تورکیا بگرێت، بەڵکو رەخنەی توند لە ئەوروپا و بە تایبەیت لە فینلەند و تایبەتتریش لە سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی ” ساوڵی نینیستۆ” دەگرێت.

ئۆنی دەڵێ:” ئەوەی خەمبارترە ئەوەیە کە ئەو زمانەی کە ئەردۆگان بەکاری دەهێنێت  خەریکە وڵاتانی ڕۆژئاواش بگرێتەوە”

هەروەها رەخنە لە نوسینێکی سەرۆک کۆماری فینلەندا دەگرێت کە لە بلۆگی تایبەتی خۆیدا نوسیبووی:

ساوڵی نینیستۆ:- پێویستە نیگەرانی تورکیا سەبارەت بە تیرۆر بە جددی وەربگیرێت، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی توركیا كه‌ هاوڵاتی ئاسایین، له‌ هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كاندا له‌ناوچوون.

ئۆنی دەڵێ: ” قەیدی نییە با نەڵێین زۆرینەی رەهای کوژراوەکانی شەڕی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەستۆی دەوڵەتی تورکیایە. بەڵام:

  • لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، پەکەکە ناوچەیەکی بەرفراوانی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا- یان باکووری کوردستان، وەک کوردەکان ناوی دەبەن، کۆنترۆڵ کردبوو. تورکیا بە سوتاندنی ئەو گوندە کوردنشینانەی لە چیاکان پاڵپشتی پەکەکەیان دەکرد، جەنگەکەی بردەوە.
  • ساڵی 2015 جارێكی تر شەڕ لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا هەڵگیرسا، كاتێك گەنجانی شارۆچكە كوردییەكان هەرێمەكەیان بە ئۆتۆنۆمی راگەیاند. تورکیا ئەو شەڕەش بە سادەیی بە وێرانکردنی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی یاخیبووانی کورددا بوون، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
  • تورکیا بەتایبەت شاری دێرینی دیاربەکری هەڵبژارد تا وێرانی بکات کە لە لیستی میراتی جیهانی یونسکۆدایە.
  • تورکیا تەنیا شەڕ لە دژی پەکەکە ناکات، بەڵکو ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کوردیی پەرلەمانیی هەدەپەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا زۆرینەی رەهای دەنگەکانی لە ناوچە کوردستانییەکان بەدەستهێناوە.
  • زیندانەکانی تورکیا پڕن لە زیندانی سیاسی: پەرلەمانتار، سەرکردەی حیزب، سەرۆکی شارەوانی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان.

بەراست ئەوە شەڕی ئەردۆغانە لە دژی تیرۆریستان؟

ئۆنی کاری بە روون و راشکاوانە دەڵێ: ئەردۆغان بەرگەی بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی کورد ناگرێت – نە لە تورکیا و نە لە سوریا.

رۆژنامەنووسە گەنجەکە کۆتایی نووسینەکەی بەم چەند دێڕە دیاری دەکات:

“ئەمەریکا ئەردۆغانی توڕە کردووە، چونکە پشتیوانی لە بزوتنەوەی کورد کردووە لە باکوری سوریا، کە تورکیا پێی خۆشە یەکجارەکی و بۆ هەمیشە لەناویان ببات.

 مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی باكووری سوریا رایگەیاند، سەرۆك جۆ بایدن بەڵێنی پێداوە كە ئەمریكا دەستبەرداری ئەو هێزانە نەبێت.

لە کۆتایدا هیوادارین ناتۆ – هەروەها فینلاند – تێبگەن کە پشتگیری نەکەن لەو جەنگەی تورکیا ناوی ناوە ” جەنگ دژی تیرۆر”.

ئامادەکردنی: بەهزاد