کۆمیساریای په‌نابه‌ران: بۆ 12هه‌مین ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك ئاواره‌ سورییه‌كان زستانێکی سەخت بەسەر دەبەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، بۆ 12هه‌مین ساڵ لەسەریەک پەنابەران و ئاوارەکانی سوریا تووشی زستانێکی سەخت دەبن.

ئۆلگا سارادۆ، وتەبێژی کۆمیساریای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڤیەننا ڕایگەیاند، نزیکەی سێ ملیۆن و 400 هەزار ئاوارە لە سوریا و لوبنان و ئوردن و عێراق و میسر هەن، کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە بۆ خۆئامادەکردن بۆ وەرزی زستان.

سارادۆ ئاشکرای کرد کە هەڵمەتێکی جیهانییان بۆ کۆکردنەوەی هاوكاری بۆ ئاواره‌كان دەستپێکردووە،.

به‌وته‌ی سارادۆ، ئەو هاوكارییه‌ بریتی ده‌بێت له‌ دابینكردنی جل و بەرگی گەرمی زستانە و بەتانی و نۆژەنکردنەوەی ماڵەکان و دابینکردنی پانێڵی خۆر و چرا و سلندەری غاز و بڕە پارەیه‌ك.

وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی به‌وه‌شدا، کە پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە، ئەمەش “نەهامەتییەکان” زیاتر دەکات بەهۆی گرانی نرخەکان و بەردەوامی کاریگەرییەکانی پەتاکەی کۆرۆنا.

بەپێی کۆمسیۆنی په‌نابه‌ران، زستانی ئه‌مساڵ لە زستانەکانی پێشوو سەختتر و ساردتر دەبێت.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌: ڕه‌هه‌ف یوسف