رێكخراوێكی مافی مرۆڤ: كوژرانی 330 كه‌س له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران – هرانا، رایگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانی ئێران له‌ ناوه‌راستی مانگی ئه‌یلول دژ به‌ گیان لە دەستدانی ژینا ئەمینی ، 330 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌و 39 كه‌سیش له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كوژراون.

بەگوێره‌ی ئاماری کۆمەڵەکە لە 17/09/2022 ەوە کە خۆپێشاندان دژ به‌ گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستی پێکردووە تاوەکو دوێنێ پێنجشەممە، 330 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، کە 50 کەسیان منداڵن، هەروەها 39 کەس لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کوژراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، مەزندە دەکرێت 15 هەزار و 92 کەس لەو ماوەیەدا دەستبەسەرکرابن، بەڵام شوناسی هەزار و 954 دەستبەسەرکراو دەستنیشانکراوە. 440 کەس لە دەستبەسەرکراوان خوێندکاری زانکۆن.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، لە 895 شوێن خۆپێشاندان کراوە و ناڕەزاییەکان 138 شار و 137 زانکۆی گرتۆته‌وه‌.

خۆپێشاندانەکانی ئێران دوای 24 كاتژمێر له‌ گیان له ‌ده‌ستدانی ژینا ئەمینی لە 16/09/2022 ده‌ستیپێكرد، كه‌ به‌ وته‌ی باوكی بەهۆی لێدانی هێزەکانی پۆلیسی رەوشتی تارانه‌وه‌ گیانی لەدەستداوە، تاوەکو ئێستاش لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 60 خۆپیشانده‌ر گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانی دیكه‌ش بریندار کراون.