ناڕەزایەتی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە

هەولێر- نۆرس پرێس

نزیکەی دوو مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و شەوی رابردوش لە شارەکانی سنە و مھاباد و بۆکان و تاران و قوم و چەند شارێکی تر خەڵک رژانەوە سەر شەقامەکان و دژی حکومەتی ئێران دروشمیاندا، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک ھاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی تریش برینداربوون، چەندین کەسیش لە رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و ھاووڵاتی ئاسایی بێسەروو شوێن بوون.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤیش بڵاویکردەوە، خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری شائاباد بە ناوی”عەلیڕەزا کەریمی”، لە خۆپیشاندانە خوێندکارییەکانی شاری ئەراک، بەھۆی لێدانی باتۆم لەسەری گیانی لەدەستداوە، بڕیارە ئەمڕۆ ھەینی تەرمەکەی لە گۆڕستانی باخی رەزوانی شائاباد بەخاک بسپێردرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار هەڕەشەی لە سێدارەدانیان لە خۆپیشاندەران دەکرد، چەندین حاڵەتی تۆمەتی وەک موحاریبە و گەندەڵی خراوەتە پاڵ خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو کە ئەمەش دەبێتە هۆی سزای لەسێدارەدان.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە ئاماژەدان بە مێژووی کۆماری ئیسلامی لە سود وەرگرتن لە سزای سێدارە بۆ ترساندنی کۆمەڵگا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێگری لەم جۆرە تاوانانە بکەن.

رێکخراوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە زۆرێک لەو دادگا نمایشیانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەچوون، تۆمەتباران ڕووبەڕووی تۆمەتی وەک شەڕ و گەندەڵی بوونەتەوە بەبێ ئەوەی ڕەچاوی پێوەرە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بکەن و لە کاتێکدا لە پارێزەرێکی هەڵبژێردراو بێبەش بوون. لە هەندێک حاڵەتدا دانپێدانانی زۆرەملێی تۆمەتباران لە میدیای دەوڵەتی پەخش دەکرا بەبێ ئەوەی تاوانەکە بسەلمێنرێت.

بەشێک لەو کەسانەی دەستبەسەر کراون کە مەترسییان لەسەرە بریتین لە: “ماهان سەدرەت مەدانی، سامان یاسین، محەمەد قەبادلۆ، موحسین ڕەزازادە قەرەقلو، سەعید شیرازی، محەمەد برۆغنی، ئەبولفازل مهری-حوسێن حاجیلوو، مەنوچەهر مەهمانواز و سەهەند نور محەممەدزادە”.

رێکخراوەکە لیستێکی لەو کەسانە بڵآو کردووتەوە کە هەڕيسەی جدی لە سێدارەدانیان لەسەرە و دەڵێت: ئەم لیستە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تۆمەتەکانیان لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگەیەندراوە. پێدەچێت ژمارەی ئەو کەسانەی مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە زیاترە لەوانەی باسکراون.