پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی کەمئاوی کۆبوەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی پلانی ئەو دوو وەزارەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گەرەنتیکردنی پشکی ئاوی عێراق لە رووبارە ھاوبەشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر پلانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو کراوە، لەبارەی دەنگۆکانی “کۆچکردن بەھۆی وشکەساڵییەوە” لە پارێزگاکانی باشووری عێراق.

لە لایەکی ترەوە فراكسیۆنی “ئەهل واست” لە دانیشتی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا داوا دەکات دژی گرتنەوەی بەشەئاوی عێراق لەلایەن تورکیاوە، بایکۆتکردنی كاڵای توركی بکرێت.

كەریم ساری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی “ئەهل واست” لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوویدا رایگەیاند، “شاراوە نییە كە توركیا ئەو زیانە گەورەیەی بە هەموو عێراقییەكان گەیاندووە و ئەو كارەساتە ژینگەیی و مرۆیی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەی بەهۆی ئاوەوە دروستكردووە”.

داواشی کرد، دۆسیەی ئاو لە عێراق دۆسیەیەكی نیشتیمانیی بێت لە ئەولەویەتی كارەكانی حكومەتی ئێستا، “هەروەها بەدواداچوونی ورد لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بكرێت لەسەر ئەو دۆسیە هەستیارە”.

كەریم ساری داوای لە حكومەت كردووە، پەنا بۆ هەموو ئامرازە بەردەستەكان ببات بۆ فشارخستنە سەر لایەنی توركی و ئێرانی لە بەرامبەر گرتنەوەی بەشە ئاوی عێراقدا.

پەرلەنتارەکەی عێراق داواشی کردووە، عێراق بایکۆتی کاڵای تورکیی بکات، تا ئەوكاتەی تورکیا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پشكی عێراق لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەردەداتەوە.