مەزڵوم عەبدی: ئاسایی بوونەوەی دیمەشق لەگەڵ ئەنکەرە واتا رازیبوون بە داگیرکاری

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی، رایگەیاند کە هەر هەنگاوێکی حکومەتی سوریا لە ئێستادا بەرەو نزیکبوونەوە لە تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییان، بە بەڵگەیەک دادەنرێت کە حکومەت لە رەفتاری تورکیا رازییە و بە داگیرکاری سوریا رازییە.

ئەمەش لە وتارێکدا هات کە لە رێگەی پەخشی راستەوخۆوە پێشکەشی کرد، لە میانی کۆڕبەندی دیالۆگ کە لەلایەن ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی “مەسەدە” وە لە ناحیەی فافین، لە باکوری گوندەواری حەڵەب رێکخرابوو، بەپێی ئەوەی کە ماڵپەڕی  “مەسەدە” گواستەوە.

عەبدی وتی، “دوای چوار ساڵ لە داگیرکردنی شاری عەفرین و ئەنجامدانی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک لەوێ، دەوڵەتی تورکیا ئێستا هەوڵدەدات، لەرێگەی تەحریرشامەوە (جەبهەی نوسرەی پێشتر) سیاسەتەکانی تێپەڕێنێت و ئامانجەکانی لە ساڵی 1999دا بەدیبهێنێت”، جێبەجێکردنی پڕۆژە کۆلۆنیالیزمە فراوانخوازەکانی و داگیرکردنی بەشەکانی دیکەی خاکی سوریا.

عەبدی رەتکردنەوەی خۆی لە نزیکبوونەوەی حکومەتی سووریا و تورکیا دەربڕی، تورکیای بە داگیرکردنی خاکی سوریا تۆمەتبار کرد.

فەرماندەی گشتیی “هەسەدە” پێی وایە گفتوگۆی سوری – سوری  تاکە چارەسەرە بۆ قەیرانی سوریا و جەختی لە رەتکردنەوەی سیاسەتەکانی تورکیا کردەوە.

کەسایەتییە سیاسییەکانی ناوخۆی سوریا، شێخەکان، و کەسایەتییە دیارەکانی خێڵەکانی ناوچەکە، ئەمە جگە لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، بەشداری لە کۆڕبەندەکە بوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : عەدنان حەمۆ