ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “نیگەرانە” لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی سوید
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات نیگەرانی خۆی لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی سوید دەربڕی کە ئێستا سەردانی تورکیای کردووە.
ئولف کریستسۆن پێش گەشتکردنی بۆ تورکیا، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە سوید “خۆی دووربخاتەوە” لە یەکینەکانی پاراستنی گەل، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن چاودێرانەوە بە هەوڵێکی سویدی دادەنرێت بۆ وەرگرتنی رەزامەندی ئەنکەرە بۆ چوونەناو ناتۆوە.
مەسەدە، لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی سویدی بە “دژایەتی بەهاکانی وڵاتەکەی و کولتوری کۆمەڵگاکەی”ی زانی.
مەسەدە لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاند، سوید لاواز نییە تا ملکەچکات بۆ داواکانی تورکیا و هیچ ناچاریش نییە سازش بکات.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات داوای لە دەوڵەتی سوید و هەموو لایەنە سیاسییەکانی کرد کە رووبەڕووی ئەم دۆخە ببنەوە، چونکە ئەوە تەنیا هەنگاوی یەکەمە و لە درێژخایەندا زیان بە سوید دەگەیەنێت.
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات داوای لە سوریاییەکان و هەموو هێزە دیموکراتییەکان کرد ئەم رێبازە رەتبکەنەوە، کە “سودی بۆ پێکهاتەکانی سوریا نابێت و هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات”