مانگی سووری تورکی قوتابخانەیەک لە ناو ئۆردوگایەک دەکاتەوە کە لە ئیدلیب بونیادنرابوو
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، مانگی سووری تورکی قوتابخانەیەکی بۆ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شارۆچکەیەکی نیشتەجێبوون “ئۆردوگا” کە تورکیا بۆ ئاوارەکانی باکووری ئیدلب دروستی کردبوو، کردەوە.
مانگی سووری تورکیا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، بە بەشداری کەرەم قەنەق، سەرۆکی مانگی سووری تورکیا، قوتابخانەی “عوسمان ئارتێم”ی سەر بە مانگی سووری تورکیا، لە شارۆچکەی “ئەتاسای”ی تورکی لە نزیکی ناوچەی مەشهەد روحین لە گوندەواری باکووری ئیدلب، کرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، قوتابخانەکە “خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بۆ 1600 قوتابی دابین دەکات”.
ژمارەی ئەو ئۆردوگایانەی کە تورکیا تەنها لە ئیدلب دروستی کردووە گەیشتووەتە نزیکەی 50 شوێنی نیشتەجێبوون کە زۆربەیان لە نزیک ناوچەی مەشهەد روحینن لە باکوری ئیدلب، بە گوێرەی چاودێری نۆرس پرێس لەرێگەی پەیامنێرانیەوە لەو ناوچەیەوە.
لەکاتێکدا ژمارەی ئەو ئۆردوگایانەی کە لە ناوچەکانی عەفرین و عەزاز و جەرابلوس لە باکوور و رۆژهەڵاتی حەڵەب دروستکراون نزیکەی 45 ئۆردوگایە، زۆربەیان لە ماوەی نیوەی کۆتایی ساڵی رابردوو و نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا دروستکراون.