هەولێر – نۆرس پرێس
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەی خۆیدا وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق دیاریكرد و وەفدەكەشی راسپارد لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران “پیرۆزبایی لە تیمی وەزاری پارتی کرد، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی.” و پاشان دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، بەناوی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و سەرۆکی تیمی وەزاری گۆڕان، بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، هەروەها ئەندامانی دیکەی ئەنجومەن، “پیرۆزباییان لە تیمی وەزاری پارتی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان.”
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە، بریتی بو لە “گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارێکی پێشوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە نەخشەڕێگای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەیوەندیی نوێی نێوان هەولێرو بەغدا، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستورو هەروەک لە بەرنامەی کاری (المنهاج الوزاري)ی کابینەی نوێدا هاتوەو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا، بەتایبەت دۆسیەی ماددەی 140ی دەستور تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و گازو بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگەو بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز.)”
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، كە لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا وەفدی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ لەمانە پێکبێت: وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، وەفدەكە “راسپێردران لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا کرایەوە.”
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی دوەمدا، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان خرانەڕو و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێردرێن بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە.