بیدەرسن داوا لە لایەنە ناکۆکەکانی سوریا دەکات کە سەرنجیان لەسەر چارەسەری سیاسی بێت

ئیدلیب – نۆرس پرێس

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، گەیر بیدەرسن، داوای لە لایەنەکانی ململانێی سوریا کرد ” سەرنجیان لەسەر چارەسەری سیاسی بێت “، ئەمەش دوا بە دوای هێرشەکان بۆ سەر کامپی ئاوارەکانی باکووری رۆژئاوای سوریا هات، کە کوشتن و برینداربوونی 80 کەسی لێکەوتەوە.

رۆژی سێشەممە، گەیر بیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو هێرشانەی کە کامپی ئاوارەکانی لە باکووری رۆژئاوای سوریا کردە ئامانج و کوشتن و برینداربوونی 80 کەسی لێکەوتەوە.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا جەختی لە “پێویستی هێمنی و ئاگربەستی سەرتاسەری لە سوریا” کردووەتەوە.

جگە لەوەش، جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، نەجات روشدی، رایگەیاند کە “کردەوەی دوژمنکارانە لە سوریا جارێکی دیکە خەڵکی مەدەنی دەکوژن”.

روشدی لە تویتێکدا لە رێگەی تویتەرەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەبێت کارەسات وێرانکاری چی دیکە رابگیرێت.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “خەڵکی مەدەنی ئامانج نین”.

داوای لە هەموو لایەنەکان کرد “خەڵکی مەدەنی بپارێزن لە هەر شوێنێکی سوریا بن”، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی “ئاگربەستی نیشتمانی”.

یەکشەممەی رابردوو هێزەکانی حکومەتی سوریا کامپی ئاوارەکانیان لە باکووری رۆژئاوای سوریا کردە ئامانج و 80 کەسیان کوشت و برینداربوون، دواتر پەرەسەندنێکی سەربازی گەورە و بۆردومانی دوولایەنە لە نێوان هەردوولایەنی ململانێکان لە ناوچەکانی ئاگربەست لە سوریا روویدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: فەنسا تەمۆ