دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی دیکە لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا لە ستۆکهۆڵم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی سوید ئولف کریستسۆن کۆیاندەکاتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چوونە ناوەوەی سوید بۆ ناو رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ).
رۆژی دووشەممە کریستسۆن سەردانی تورکیای کرد و بەو هیوایەی تورکیا رازی بکات کە دژایەتییەکانی بۆ پەیوەست بوونی سوید بۆ ناتۆوە هەڵبگرێت.
ئەردۆگان بەبێ ئەوەی دیاری بکات کە کەی کۆبوونەوەی هاوبەش لە ستۆکهۆڵم رێکدەخرێت، وتی: هیوادارین وێنەیەکی ئەرێنیتر ببینین کاتێک کۆبوونەوەی هاوبەش لە ستۆکهۆڵم رێکدەخرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، کریستسۆن کۆپییەکی هاوپەیمانی بەرگری کە لە ساڵی 1739 لە نێوان سوید و ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ئەنجامدرا، بە ئەردۆگان بەخشیوە.
تورکیا و سوید یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، بۆ چوونەناوەوەی سوید لەگەڵ فینلاند بۆ ناتۆ، تورکیاش لە رێگەی یاداشتەکەوە رایگەیاند کە “ئەوەی ویستویەتی بەدەستی هێناوە”.
رەخنەی تورکیا سەبارەت بە پشتیوانیی دوو وڵات لە پارت و رێکخراوە کوردییەکان، دیارترین خاڵی ناکۆکی بوو و بەپێی بەیاننامەیەک کە لەو کاتەدا سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوی کردەوە، هەردوو وڵات “چالاکی کۆکردنەوەی پارە و رێکخستنی کوردی قەدەغە دەکەن” و “پڕوپاگەندەی تیرۆریستی دژی تورکیا قەدەغە دەکات”.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا، تۆبیاس بێلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، لەو بڕوایەیان کە ستۆکهۆڵم دەزانێت چۆن مەرجەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە “بەجێبهێنێت”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ “دیالۆگێکی ئەرێنی” لەگەڵ ئەنکەرە.
شەممەی رابردووش بێڵستۆرم رایگەیاند کە پێویستە وڵاتەکەی “خۆی جیابکاتەوە” لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە و لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن.
جێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، کاتێک هەفتەی رابردوو سەردانی تورکیای کرد، رێگەی بۆ کریسترۆن خۆشکرد.
ستۆڵتنبێرگ لە ئیستەنبوڵەوە وتی: کاتی ئەوە هاتووە پێشوازی لە فینلاند و سوید بکرێت وەک ئەندامی ناتۆ، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە “پەیامێکی روون بۆ رووسیا بنێردرێت”.