زیاتر لە 300 توشبووی کۆلێرا لە ناوەڕاستی مانگی پێشوەوە لە مەنبیج

مەنبیج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی تەندروستی لە مەنبیج و گوندەوارەکانی رایگەیاند، 313 تووشبووی پشتڕاستکراوە و 525 گومانلێکراوی کۆلێرا تۆمارکراون، نەخۆشییەکە لە لوتکەی بڵاوبوونەوەیدایە.

لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە، بەڕێوبەری خۆسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرای لە ناوچەکانی راگەیاند، دوای ئەوەی ئاستی رووباری فورات کەمبووەوە و ئاوی خواردنەوە پیسبوو، ئەمەش هۆکاری سەرەکی تووشبوون بە کۆلێرا بوون.

ئەیمەن محەمەد، بەرپرسی کۆنتڕۆڵی تەندروستی لە لیژنەی تەندروستی مەنبیج رایگەیاند، لیژنەکەیان تیمێکی تایبەتیان پێکهێناوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کۆلێرا و بەدواداچوون بۆ حاڵەتە تۆمارکراوەکان.

لە سەرەتای مانگی رابردوودا لیژنەی تەندروستی لە مەنبیج و گوندەوارەکەی هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لەنێو دانیشتوان، دوای ئەوەی رۆژانە تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمار دەکرا.

بەپێی ئاماری لیژنەی تەندروستی، نەخۆشییەکە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا گەیشتە لوتکە و لەم دواییانەشدا وردە وردە کەمیکردووە.

 دوێنێ دووشەممە، هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، کۆلێرا دوا نەخۆشی ئاویی نابێت کە تووشی سوورییەکان دەبێت ئەگەر دەستبەجێ چارەسەری قەیرانی پیس ئاو نەکرێت، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، پێویستە تورکیا واز لە توندکردنەوەی قەیرانی ئاو لە سوریا بهێنێت.

ئامادەکردنی: فادی ئەلحسێن – داڕشتنەوەی : ئەحمەد عوسمان