شاندێکی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریان کرد

هەولێر – نۆرس پرێس

بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا وەفدێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکات، وەزیری داراییش دەڵێت، ئەوان لەپێناو بەدەستھێنانی بەشە بودجەی ھەرێم دەچنە بەغداد.

بە گوێرەی راگەێنراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێم رایگەیاند، بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشتی حکومەتی نوێی عێراق دەبن، بەو ھیوایەن لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بتوانن مافەکانی گەلی کورد بەدەستبھێنن.

 وتیشی، لەچەند رۆژی داھاتوودا وەفدێکی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغداد دەکات و ئامانجیان گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق و چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و غاز بەپێی دەستوور.

ئەو وتانەی وەزیری دارایی ھەرێم لە میانەی کۆبوونەوەیەکی بوو لەگەڵ وەفدێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر و جەختیشیانکردەوە کە ئەمریکا بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاری ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە لەنێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان.

دوێنێ دووشەممە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە شاندێکی کونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەولێر کرد کە پێکهاتبوون لە (زەهرا بێل) جێگری سەرۆک کونسول و (هیس بەیلی) سەرۆکی بەشی ئابووری.

وەزیری دارایی و ئابوری گوتی:” ئێمە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی حکومەتی نوێی  عێراق دەبین، بەو هیوایەین لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بتوانین مافە ڕەواکانی گەلی کورد بەدەست بهێنین”.

هەروەها سەبارەت بە سەردانی کردنی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابوری کە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەکەن گوتی: “ئێمە لە پێناو بەدەستهێنانی بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچینە بەغدا، هیوادارین سەرەتایەکی باش هەبێت بۆ لێک تێگەیشتنی دانوستانەکان بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بەپارێزراوی بەدی بێت.

لە میانی کۆبونەوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجمان گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 وە، هاوکات دەبێت بەپێی دەستوور دۆسیەی نەوت و غاز چارەسەر بکرێت.

بە گوێرەی راگەێنراوەکە، شاندی میوان، سوپاس وخۆشحاڵی خۆیان بە دیدو بۆچونەکانی وەزیری دارایی دەربڕیوە و ئەوەشیان نەشاردەوە کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری رێکەوتن و لێک تێگەیشتنی نێوان حکومەتی ناوەند و  هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: بەهزاد