باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له سوریا هانی وڵاته بیانییه‌كان ده‌دات بۆ گێرانه‌وه‌ی هاوڵاتیانیان له كامپی هۆل
حه‌سه‌كه- نۆرس پرێس
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له سوریا هانی سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه ده‌دات كه هاوڵاتییان هه‌یه له كامپه‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا بۆ هاوكاریكردن، به‌مه‌به‌ستی گێرانه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌كانیان.
رۆژی دووشه‌ممه، باڵیۆزخانه‌كه له تویتێكدا رایگه‌یاند، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، شاندێك له چه‌ند ئاژانسێكی ئه‌مریكا سه‌ردانی كامپی هۆلیان كردووه له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا.
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، مه‌به‌ست له سه‌ردانه‌كه بۆ تاوتوێكردنی پرۆسه‌كانی گواستنه‌وه‌ی خێزانه بیانییه‌كانه بۆ وڵاته‌كانیان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ به‌رێوبه‌ری خۆسه‌ری و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات گفتوگۆیان كردووه، سه‌باره‌ت به پێشكه‌شكردنی هاوكاری و پێدوایستییه‌كانی ئاسایش له ناوچه‌كه‌دا.
باڵیوزخانه‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه، هانی سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه ده‌دات كه هاوڵاتییان هه‌یه له كامپه‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا كاریان له گه‌ڵدا بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری كۆتایی.
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو شاندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به سه‌رۆكایه‌تی “ئیسان گۆلدریتچی” جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و تیمێكی تایبه‌ت به كاروباری مه‌ده‌نی و مرۆیی و تیرۆر و گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی بیانی سه‌ردانی شاری قامیشلۆیان كرد‌و له گه‌ڵ “به‌دران چیاگردی” هاوسه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆسه‌ری كۆبونه‌وه.
به‌رپرسه‌كه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد” له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ناوچه‌كه ته‌رخانكرا به مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له به‌رنامه مرۆییه‌كان و ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، هاوكارییه‌كانی تایبه‌ت به كامپی ئاواره‌كان و گرتوخانه‌كانی خۆسه‌ری له ناوچه‌كه زیادده‌كرێن.