فه‌ره‌نسا سه‌ركۆنه‌ی بۆردوومانی هێزه‌كانی سوریا و روسیا ده‌كات بۆ سه‌ر كامپه‌كانی باكووری سوریا
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
رۆژی دووشه‌ممه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا به توندی سه‌ركۆنه‌ی بۆردوومانه‌كانی حكومه‌تی سوریا‌و روسیا كرد، بۆ سه‌ر كامپی ئاواره‌كان له باكووری رۆژئاوای ئیدلیب.
دوێنی یه‌ك شه‌ممه، هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا‌و روسیا به 30 موشه‌كی زه‌مین به زه‌مین كامپی ئاواره‌كانیان بۆردوومانكرد له نزیك شارۆچكه‌ی كه‌فه‌ر جالس له رۆژئاوای ئیدلیب.
له ئاكامی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان 9 كه‌س كوژران كه 3 یان منداڵ بوون ، له گه‌ڵ برینداربوونی زیاتر له 70 كه‌س.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له به‌یاننامه‌یه‌كدا پشتیوانی پاریسی دووپاتكرده‌وه بۆ داوایه‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و نێرده تایبه‌تییه‌كه‌ی، سه‌باره‌ت به راگرتنی شه‌روپێكدادان له هه‌موو خاكی سوریا‌و گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی سیاسی به پێی بڕیاری 2254.
پێشتر ناوه‌ندی ئاشته‌وایی روسیا رایگه‌یاندبوو، هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا زنجیره‌یه‌ك هێرشیان ئه‌نجامداوه دژ به بنكه‌كانی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام (به‌ره‌ی پێشووی نوسره) به‌رامبه‌ر به‌و هێرشه‌ی چه‌كدارانی ته‌حریر شام ئه‌نجامیاندابوو، كه بووه هۆی كوژرانی ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی سوریا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هێزی ئاسمانی سوریا سه‌ربازگه‌یه‌كی مه‌شقپێكردنی چه‌كداره‌كان و حه‌شارگه‌كانی ژێر زه‌وی بۆردوومانكردو 93 چه‌كداری له ناوبرد كه هه‌ر یه‌ك له فه‌رمانده‌ی مه‌یدانی صه‌دام دالی و عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د له نێو كوژراوه‌كان بوون، له گه‌ڵ برێنداركردنی 135 ئه‌ندامی گروپه تێرۆرستییهكه.
ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی: عه‌دنان حه‌مۆ