نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەڕێوبەری خۆسەر کۆبوونەوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئیتان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پلانی درێژخایەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دادەڕێژن و بودجەیەکیان بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە تەرخانکردووە.
ئەمەش لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوبەری خۆسەر هات، لەو میانەدا ئاماژەی بەوەدا کە بودجەیەکی تایبەت بۆ ناوچەکە تەرخانکراوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پاڵپشتی مرۆیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵپشتی بۆ ئەو کامپانە زیاد دەکەن کە ئاوارەکانی ناوچەکەیان تێدا نیشتەجێیە، هەروەها زیندانەکانی بەڕێوبەری خۆسەر.
هەردوولا باسیان لە “پێویستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد، هەروەها پرۆسەی ناردنەوەی بیانییەکان لە کامپەکانەوە گەنگەشە کرا”.
تیمێکی تایبەتمەند لە کاروباری مەدەنی و مرۆیی و تیرۆر و ناردنەوەی هاووڵاتیانی بیانی یاوەری شاندی ئەمریکی بوو.
بەدران چیا کورد، هاوسەرۆکی وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاند، ئامادەن هاوکاری ئەو وڵاتانە بکەن کە دەیانەوێت هاووڵاتییەکانیان لە کامپ و زیندانەکان بگەڕێننەوە.
چیا کورد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی کەسوکاری رێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی” (داعش) کە لە کامپ و زیندانەکاندان، لە ئەستۆ بگرن.
وتیشی: دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تیرۆریستان گرنگییەکی سەرەکیی هەیە.