کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 80 کەس بە هۆی بۆردومانی کامپەکانی ئیدلیب لە لایەن حکومەتەوە
ئیدلیب – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ئاماری کوژراوانی بۆردومانەکەی هێزەکانی حکومەتی سوریا و رووسیا بۆ سەر کامپی ئاوارەکان لە گوندەواری رۆژئاوای ئیدلب، گەیشتە 80 کوژراو و بریندار کە زۆربەیان منداڵ و ژنن.
سەرچاوە پزیشکییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکە بۆ حەوت کەس بەرزبووەتەوە کە دوو منداڵ و ژنێکیان تێدایە، جگە لەوەی نزیکەی 75 کەسیش برینداربوون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، بۆردومانەکە لەلایەن حکومەتی سوریا و هێزەکانی رووسیا لە پێگەکانیانەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازی نەیراب لە شاری حەڵەب ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە ئۆردوگای ئاوارەکانی نزیک شارۆچکەی کفر جەلیسی لە رۆژئاوای ئیدلب کردە ئامانج، بە 30 مووشەکی “زەوی بۆ سەرزەوی” کە بارکرابوون بە بۆمبی کلاستەر.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا، “روانگەی بەکارهێنانی بۆمبی هێشوویی” ی سەربە “هەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی مینە چێندراوەکان”، بەردەوامی بەکارهێنانی تەقەمەنی کۆکراوەی لەلایەن حکومەتی سوریاوە لە ساڵی 2012 تا ساڵی 2022 بەبەڵگە کرد.
ئەو تۆپبارانە مووشەکییەی کە نزیکەی 22 کامپی رۆژئاوای ئیدلبی کردە ئامانج، هاوکاتە لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە چواردەوری شاری ئیدلب و شارۆچکەی شێخ بەهر لە رۆژئاوای ئەو شارە، بەبێ ئەوەی راپۆرتی زیانی گیانی لەبەردەستدا، بەپێی هەمان سەرچاوەکان.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا و “دەستەی تەحریر شام” سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەڵمەتێکی چڕ و پڕی تۆپخانە و بۆردومانی مووشەکییان بۆ سەر زیاتر لە 30 پێگەی هێزی حکومی لە گوندەواری حەمات، حەڵەب و ئیدلب دەستپێکردووە.