هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تەمموزی 2022، عەلی قازی کوڕە تاقانەکەی پێشەوا قازی محەممەد لە کاژێر 05:00 بەیانی لە شاری بۆنی ئەڵمانیا لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
عەلی قازی محەممەد لە ساڵی 1933 لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە؛ کاتی راگەیاندنی کۆماری کوردستان تەمەنی 13 ساڵ بووە، ماوەیەک سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بوو و دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە.
لە کاتی رووخانی کۆماری کوردستان لە مەەهاباد و لە سێدارەدانی “پێشەوا قازی محەممەد”ی باوکیدا تەمەنی ١٣ ساڵ بووە.
چەند ساڵێک دوای رووخانی کۆماری کوردستان رووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە و هەر لەوێش نشتەجێ بووە.
لە ساڵانی رابردووودا گەڕایەوە باشوری کوردستان و بوو بە سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان.
دواتر، بەهۆی نەخۆشییەوە وازی لە سەرۆکایەتی ئەو پارتە هێنا و بۆ وەرگرتنی چارەسەر جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا.
عەلی قازی تەنیا کوڕی قازی محەممەد بووە، باوکی چوار کوڕ و کچێکە.
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ سەرۆک بارزانی، عەلی قازی محەممەد داوای لێدەکات پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان بکات و لە نامەیەکدا کە لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2019 ئاراستەی کردووە دەنووسێت: “زۆر بەداخەوەم بۆ رەوشی ئێستای رۆژئاوای کوردستان؛ کورد هەمیشە بەشی زوڵم و ستەم بووە، لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان وەک رابەری کوردایەتی هەمیشە بەرگریتان کردووە لە خاکی کوردستان بەبێ جیاواز؛ هەر بۆیە داواکارم لە جەنابتان وەک پێشەوای کورد کە پاڵپشتی رۆژئاوای کوردستان بکەن چونکە ئێستا خوشک و براکانمان لە خاکی کوردستان دەربەدەردەبن و خوێنی میللەتی کورد جارێکی دیکە بەناحەق دەڕژێت.”